کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی نوێنەری حیزبی دێموکرات له ئاڵمان له وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاته

12:41 - 27 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: هیوا بەهرامی نوێنەری حێزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران له ئاڵمان، سەردانی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەی کرد و لەگەڵ کاربەدەستانی ئەو وەزارەتخانەیه دیداری کرد.


بەپێی هەواڵی کوردستان میدیا، له میانەی ئەم دیدارەدا چەندین بابەتی پێوەندیدار به ئێران و کوردستان و ناوچەکە باس و وتووێژیان لەسەر کرا.
پرسی کورد له کورستانی ئێران، سیاسەتەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران له بەرانبەر ئەم پرسەدا و له سێدارەدانی بەندکراوانی سیاسیی کورد له چەند حەوتووی رابردوودا لەو سەردانەدا باسیان لێوە کرا.
قەیرانی ناوەکیی رێژیمی تاران بابەتێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکه بوون. لەم پێوە‌ندییەدا هەردوولا سەبارەت به مانەوەی گوشارە‌کان لەسەر رێژیم هاوڕا بوون و لەو باوەڕ‌دا بوون که کەمکردنەوەی گوشارەکان دەتوانێت سیگناڵێکی هەڵه بێت بو رێژیمی ئیسلامیی ئێران.
هەروەها نوێنەری حێزب به ئاماژەدان به باسی کرانەوەی ئێران له پاش هاتنە سەرکاری رووحانی له هێندێک میدیای رۆژئاواییدا، ئەم باسانەی به پڕوپاگەندەی رێژیم بو نیشادانی روویەکی دیکه له خۆی له قەڵەم دا و وتی له ئێراندا سیاسەتی زەبر و زەنگ و گرتن و ئەشکەنجه و له سێدارەدان هەر بەردەوامه و کرانەوەی فەزای سیاسی تەنیا له چوارچێوەی دروشم دایه.