کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی پارتی یەکیەتیی کورد ــ سووریە، لە پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە سلێمانی

22:36 - 22 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: نوێنەری پارتی یەکیەتیی کورد ــ سووریە لەو هاودیتنەدا هاودەردیی حیزبەکەی لەبارەی رووداوەکانی ئەم دوایی‌یانەی کوردستان بە شاندی پێوەندییەکانی حیزب راگەیاند.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، عەبدولباقی یووسف نوێنەری پارتی یەکیەتیی کورد ــ سووریە، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٠ی بانەمەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، سەردانی دەفتەری پێوەندییەكانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانی لە شاری سلێمانی كرد لەلایەن شاندێکی پێوەندییەکانەوە بە سەرپەرستیتی \'\'محەممەد ساحیبی\'\' ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتەوە پێشوازیی لێکرا.

لەو دیدارە باسێک لەسەر رەوشی سیاسیی کورد لە هەر دوو بەشی کوردستان لە رۆژهەڵات و رۆژئاوا بە تایبەت رووداوەکانی ئەم دوایی‌یانەی کوردستانی رۆژهەڵات کرا.

یووسف لەو سەردانەدا، هاوخەمیی خۆی لەهەمبەر رووداوەکانی شاری مەهاباد و گیان لە دەستدان و بریندارکرانی لاوانی ئەو شارە دەربڕی.

ناوبراو لە درێژەدا، لەسەر پێشگیری‌کردنی ئاسایشی پە یە دە (P.Y.D) لە خۆپیشاندانەکانی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی مەهاباد کە لەلایەن رێکخراوەکانی ئەو بەشەی کوردستان وەڕێخرابوو، قسەی کرد.

لە کۆتایی ئەو دیدارەدا دوو لایەن لەسەر پێوەندی و هاوکاری زیاتر جەختیان کردەوە.