کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرکۆماری یەمەن: دوو ئەفسەری سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران لە یەمەن دەستبەسەر کراون

21:55 - 22 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: سەرکۆماری یەمەن وێڕای رەخنەی توند لە رێژیمی ئێران نیسبەت بە پشتیوانی لە حووسییەکان رایگەیاندووە کە دوو ئەفسەری سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران لە یەمەن دەستبەسەر کراون.

بەپێی راپۆرتی ئەلعەرەبیە، عەبد رەبە مەنسوور هادی سەرکۆماری یەمەن لە وتەکانی خۆیدا کە لە دەستەی بەڕیوەبەریی گرووپی بەسیجی گشتی بۆ پشتیوانی لە دەستکەوتەکانی نەتەوەیی یەمەن رایگەیاندووە: دوو کەس لە ئەفسەرانی سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران لە حاڵێکدا کە بەرنامەیان بۆ دروست‌کردنی کارگەی مووشەک لە یەمەن دادەڕشت، دەستبەسەر کراون.

سەرکۆماری یەمەن لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە داوە کە رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە دەستێوەردان لە کاروباری نێو خۆیی یەمەن و پشتیوانی حووسییەکان لە هەوڵی وەرگرتنی ئیمتیاز لە سووریە دایە.

ناوبراو هەروەها جەختی کردووەتەوە کە لە ئێران ٤ کاناڵ دژی یەمەن چالاکی دەکەن و هەروەها رایگەیاندووە: راوێژکارانی عەبدولمەلەک ئەلحووسی لە ئێرانن.

چەند رۆژ پێش ئێستاش، عەبد رەبە مەنسوور هادی سەرکۆماری وڵاتی یەمەن لە دانیشتنی کاربەدەستانی ولاتانی عەرەبی جەختی کردبووە کە رێژیمی ئێران بە دەستێوەردانەکانی خۆی لە کاروباری، وڵاتی یەمەنی وێران کردووە و ئەم رێژیمە دەبێ بەرپرسایەتیی ئەم بارودۆخە لە ئەستۆ بگرێت.

ماوەیەک لەمەوبەر، کۆمیتەیەک لە کارناسانی سەر بە شۆرای تەناهیی نەتەوەیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بارودۆخی وڵاتی یەمەنیان لەژێر چاوەدێرییە، لە راپۆرتێکدا بارودۆخی ئێستای ئەو وڵاتەیان بۆ شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان شی کردووەتەوە.

سەرلەشکر ئەحمەد ئەلعەسیری وتەبێژی فەرمیی هێزە هاوپەیمانەکانی عەرەب رایگەیاند، زۆربەی ئەو ئێرانیانەی کە بۆ پشتیوانی لە حووسییەکان لە یەمەن چالاکی دەکەن تووشی چارەنووسی حووسییەکان دەبنەوە.

ئەو ئەندامە پایەبەرزە نیزامییە رایگەیاندووە، هەر جۆرە هەوڵدان بۆ یارمەتیی چەکوچۆڵ بۆ حوسییەکان لەگەڵ دژ کردەوەی توند بەرەوڕوو دەبێتەوە.

ئاویەر.ت