کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرۆک وەزیری تورکیە: ئەگەری ئەوەیە هەیە بارودۆخی عێراق هاوچەشنی سووریەی لێ بێت

19:51 - 2 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک وەزیری تورکیە، وێڕای مەحکووم کردنی هاوتا عێراقییەکەی بە نانەوەی کێشە وتی: ئەگەری ئەوە لەئارا دایە عێراق بەرەو شەڕی تایفی بڕوات.
ئەردۆغان وتیشی: لە حاڵی حازردا نووری مالیکی حکوومەتێکی شیعەی توندڕەوی لە بەغدا پێک هێناوە و ئەو هەوڵە ناڕەزایەتیی سوننەکانی لێکەوتۆتەوە.
سەرۆک وەزیری تورکیە داوای لە نووری مالیکی کرد، کە دەسەڵات تەنیا لە بەغدا کۆ نەکاتەوە و بەرژەوەندیی هەموو عێراق لەبەر چاو بگرێت.
رۆژنامەی حورییەت بڵاوی کردەوە، ئەردۆغان لەو باوەڕە دایە، لە عێراق کەسانی شارەزا و میانەڕەو بوونیان هەیە و دەتوان دەسەڵات بەدەستەوە بگرن.
ئەردۆغان پێشتریش نووری مالیکیی بە هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆیی و تایفی تاوانبار کردبوو و لە هەمان کاتیشدا دژکردەوەی توندی لێپرسراوانی حکوومەتی بەغدای لێکەوتەوە.
لەلایەکی دیکەوە سەرۆک وەزیری عێراق ئەردۆغانی بە قوربانیی کردنی خەڵکی تورکیە بە مەبەستی گەیشتن بە بەرژەوەندییەکانی تاوانبار کردبوو.