کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرۆکی کومیسیۆنی کاروباری دەرەوەی کۆنگرەی ئەمریکا: ئێران پاڵپشتیی حەماس دەکات

17:08 - 21 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: ئەد رۆیس نوێنەری کۆماریخوازی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا وێڕای پشتیوانی لە ئیسراییل، رێژیمی ئێرانی بە پشتیوانیی نیزامی لە حەماس تاوانبار کرد.
رادیۆ فەردا بڵاوی کردەوە، ئەد رۆیس کە هاوکات بەرپرسی کومیسیۆنی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانە وتوویەتی: ئەمڕۆ کۆنگرە پاڵپشتیی خۆی لە ئیسراییل بۆ بەدواداچوون و ئەنجامدانی هەر کارێکی پێویست لەمەڕ پاراستنی هاووڵاتییان دەردەبڕێ و حەماس و هاندەرانیشی کە دەروەست بە لەناوبردنی بەرەنگاریی چەکداری دژی مافی ژیانی ئیسراییلن، هەروا بەردەوامن و رێژیمی ئێران بەو چەکانەی کە رادەستی حەماسیان دەکات، ناوەندی ژیانی ئیسراییلییەکانی کردووەتە ئامانج. بەهەبوونی ئەو هەڕەشانە ئێمە دەروەست بە پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی ئیسراییلی دەبین.

ئەمریکا و ئیسراییل پێشریش رێژیمی ئێرانیان بە پاڵپشتیی گرووپی تیرۆریستیی حەماس لە بواری ماددی و مەعنەوییەوە تاوانبار کردبوو.

رێژیمی ئێران بەردەوام ئەو دەستێوەردانانەی رەت کردووەتەوە.

رێژیمی ئێران چەک و تەقەمەنییەکانی خۆی لە رێگەی سوودان و میسر و تۆنێلە ژێرزەوییەکان بیابانی \'\'سینا\'\'وە رەوانەی غەزە و رادەستی حەماسیان دەکات کە بە هاتنە سەرکاری عەبدولفەتاح سیسی لە میسر ئەو کارە بۆ رێژیمی ئێران دژوارتر بووەتەوە.

هەواڵدەریی حکوومەتیی فارس لەو پێوەندییەدا لە زاری نوێنەری حەماس لە تاران نووسیویەتی: \'\'پێوەندیی ئێران و حەماس لە حاڵەتێکی باش دایە\'\'.

لە نوێترین تێکهەڵچوونەکانی ئیسراییل و گرووپە میلیشیاکانی غەزە، لانی‌کەم ١٠٣ کەس لە هێرشەکانی ئیسراییلدا کوژراون. ئیسراییل دەڵێ ئامانجی ئەو بنکە نیزامییەکان گرووپە توندەڕەکانی غەزەیە کە خاکی ئیسراییل بووەتە ئامانجی مووشەکەکانیان.

لەو پێوەندییەدا بنیامین نەتانیاهۆ رایگەیاندووە: کاتێک کۆتایی بە هێرشەکان دەهێنرێ کە بە ئامانجەکانمان بگەین و ئاشتی جێگیر بکەین.