کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەلاس باوەجانی / هاووڵاتییەکی دیکەی کورد بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیم کوژرا

16:10 - 12 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا دوو هاووڵاتیی کورد لە ناوچەی شێخ سڵەی سەربە شارستانی سەلاس باوەجانی، بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئێران کوژران.
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاوی کردەوە، رۆژی هەینی رێکەوتی ١٠ی گەلاوێژی ١٣٩٣ هەتاوی، هاووڵاتییەکی دیکەی کورد بە ناوی سالار شامورادی تەمەن ٤٠ ساڵ وخەڵکی گوندی \'\'کەڵاش\'\'، بە تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران جێگر لە ناوچەی سنووری \'\'شێخ سڵە\'\'ی سەربە شاری سەلاس باوەجانی، گیانی لە دەست دا.

بەپێی ئەم راپۆرتە، هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئێران بە گومانی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ تەقەیان لە ئۆتۆمبێلی ئەو هاووڵاتییە کوردە کردووە و لە ئەنجامدا کوشتوویانە.

هەر لەم پێوەندییەدا و بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کوردستان میدیا، رۆژی پێنج شەممە رێکەوتی ٩ی گەلاوێژی ١٣٩٣ی هەتاوی، هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە تەقەی راستەوخۆ گیانی هاووڵاتییەکی خەڵکی \'\'سەلاس باوەجانی\'\'یان ستاند.

ناسنامەی ئەو هاووڵاتییە کوردە حوسێن قادرنژاد خەڵکی بانی هوویە راگەیەنراوە و بە گوێرەی ئەم راپۆرتە، هێزەکانی رێژیمی ئێران بە گومانی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ، لە شوێنێک بە ناوی سەرپان لە ناوچەی شێخ سڵە تەقەیان لەو هاووڵاتییە کرد و لە ئەنجامدا گیانی لە دەست دا.