کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شار جمەی دێ

01:38 - 16 خەرمانان 2717

کەریم پەرویزی

رۆژی ١٤ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی، رۆژی دەربڕینی رق و بێزاریی خەڵکی مافخوازی بانە دژ بە ستەم و بێداد و سووکایەتیی سیستماتیک بەرامبەر بە کورد لەلایەن رێژیمی ئیسلامیی تارانەوە بوو. رۆژی پێشتر لە بەیانییەکی روون و بە بەرچاوی هەتاوەوە هێزی چەکمەپۆشی پاسداری رێژیمی ستەمکار، تەقەیان لە کۆڵبەران کرد، ئەو کۆڵبەرانەی کە باریان پێ نەبوو و بە دەستی بەتاڵ، بێ‌هیوا لە پاروە نانێک بۆ سفرەی منداڵەکانیان، دەگەڕانەوە ماڵەوە. دوو کۆڵبەر کوژران و پاسدارانی تێرۆریست خوێنیان بردنە سەر سفرەی منداڵەکانی ئەو کۆڵبەرانە.

ئەمە یەکەم سووکایەتی و ستەم نەبوو و دوایینیشیان نییە، بەڵام ستەمکاریەکە ئەوەندە روون و ئاشکرا بوو کە خوێنی خەڵکی وەجۆش هێنا و لە کردەوەیەکی مەدەنی و ئاشتیخوازانەدا شاریان داخست و چوونە بەردەم فەرمانداری تاکوو داوای دادپەروەری بکەن.

بەڵام هەرجۆرە کردەوەیەکی جەماوەری و مافخوازانە، لەلایەن رێژیمی ئیسلامیی تارانەوە وەکوو هەڕەشەیەک بۆسەر ئەمنیەتە لەرزۆکەکەی دەبیندرێ و هەر بۆیە دووبارە بە گوولە وەڵامی خەڵکی دایەوە. تاکوو ئێستا باس لە کوژران و بریندار بوونی نزیک بە بیست کەس لە خەڵکی بانە دەکرێ و ژمارەی دەسبەسەرکراوەکانیش روون نیە.

ئەم هەڵوێستەی شاری بانە بە هەندێک دەسکاری و تۆزێک ئەملاوئەولاکردن، دەتوانین بە رۆحی زاڵ بە سەر شارەکانی کوردستاندا بناسێنین. بەو مانایە کە دۆخی کۆمەڵایەتی وسیاسی و ئابووری و کەشی رۆحیی کوردستان بە گشتی لە وەها ئاستێکیدایە.

لێرەوە بە گشتی دەڵێین، شار لە ئان وساتدایە بۆ دەربڕینی بێزاری بەرامبەر بە هەموو کردەوەکانی رێژیم و دەیهەوێ ئیرادەی خۆی بسەلمێنێ. شار ڕاناوەستێ و وەجووڵە کەوتووە و هەر ئان بە بریسکەیەک رەنگە بەتەواوی بتەقێتەوە، ئەویش لەخۆڕا نییە بەڵکوو رابردوویەکی لە خەباتی خۆی و رۆڵەکانی و سەدان سووکایەتیی ستەمکارانی ئەزموون کردووە و ئێستا ئیتر شار لە هەستانە سەرپێی راساندایە.

لێرەدا دوو شت گرینگە:

یەکەم، شار هەڵدەستێتەوە و بۆ هەستانەوەش و سەرکەوتن، دەبێ رێکخەری و رێنوێنی بۆ دیاریکردنی رێچکەی گەیشتن بە کەناری ئازادیی هەبێ و شار خوازیارە کە رێکخراوە سیاسی و خەباتکارەکان رێنوێنی بن.

لەم گواستنەوەی قۆناخی راوەستان بەرەو هەستانەوەدا، گەر رێکخراوەکان لە ئاستی چاوەڕوانیی شاردا نەبن، شار لەسەریان راناوەستێ، یان رێگای خۆی دەدۆزێتەوە و رێبەرانی خۆی بەرهەم دێنێ یان هەستانەوەکەی بەلاڕێدا دەبرێ. ئەمە هۆشداریە بۆ هەموو خەباتکارانی راستەقینە.

دووهەم، شار بە هەموو شێوازێکی ئاشتیخوازانە ویست و داوا و مافەکانی هێناوەتە بەرباس و تەنانەت داوای کۆڵبەری و ئارەق‌ڕشتنیشی بە گوولە وەڵام دراوەتەوە. رێژیمی کۆماری ئیسلامی هەر جۆرە کردەوەیەکی کورد و کوردستان بە سیاسی دەبینێ و ئەمنیەتی لەرزۆکی رێژیم بەو کردەوانەدا دەسەلمێندرێ. چوونکە رێژیمێکی سەقامگرتوو هەموو وردەکارییەکانی ژیانیش سیاسی ناکاتەوە، بەڵام کاتێک نانی کۆڵبەریش دەبێ بە سیاسی و سپای پاسداران لە ترسی کوردستان تەقەیان لێدەکا، دیارە کە ئەم رێژیمە تا چ رادەیەک لەرزۆکە.

گوولەی رێژیم کە لە هەموو کات و کردەوە و رووداوێکدا وەدەنگ دێ و بەرەوڕووی خەڵک دەکرێتەوە، چیدی لەلایەن خەڵکەوە تەحەممول ناکرێ و رۆژێک شار دەگا بەو بڕیارە کە ئیدی دەبێ دەست بۆ چەک ببا و لە نێو دڵی شارەوە تەقە لە کۆشکی لەرزۆکی جەمارانییەکان دەکرێ.