کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندی حیزبی دێموکرات تاجە گوڵینەی لەسەر تەرمی شێرکۆ بێکەس دانا

23:16 - 21 گەلاوێژ 2713

کوردستان میدیا: تەرمی شاعیری نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری کورد و ئیمپراتۆری شیعری دونیا، بە ئامادە بوونی نوینەرانی حیزب و لایەنە سیاسییەکان کوردستان گەیشتەوە کوردستان.


بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئێوارەی رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٠ گەلاوێژی ١٣٩٢ی هەتاوی، تەرمی \'\'شێرکۆ بێکەس\'\' شاعیری نەتەوەپەرست و نیشتمانپەروەری کورد گەیشتەوە کوردستان و هاوکات شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی بەڕێز \'\'محەممەد ساڵح قادری\'\' ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزب لە شاری هەولێر، تاجەگوڵینەی لەسەر تەرمی ئیمپراتۆری شیعری دونیا، دانا.
تەرمی شێرکۆ بێکەس لە رێگەی فڕۆکەخانەی هەولێرەوە گەیشتەوە کوردستان و پاشان لە بینای وەزارەتی رۆشنبیریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان حیزب و لایەنە سیاسییەکان، شاعیران، نووسەران، چالاکانی سیاسی و مەدەنی و رووناکبیران، تاجەگوڵینەیان لەسەر تەرمی ئەو کەسایەتییە دانا.

\'\'شێرکۆ بێکەس\'\' کوڕی شاعیری ناوداری کورد \'\'فایق بێکەس\'\'ـە و لە سالی ١٩٤٠ی زایینی لە شاری سلێمانی لە کوردستانی باشوور لە دایک بووە و لە ١٣ی گەلاوێژی ١٣٩٢ی هەتاوی لە ستۆکهۆلم بەهۆی نەخۆشی، کۆچی دوایی کرد.
ناوی یەکەم دیوانە شیعری مامۆستا \'\'شێرکۆ بێکەس\'\'، \'\'تریفەی هەڵبەست\'\' و دوایین دیوانە شێیعری \'\'خێراکە.. مردن خەریکە دەگات\'\'، بوو.
شێرکۆ بێکەس لە نێو ئەدەبی نەتەوەکانی دیکە بەتایبەتی ئەدەبی فارسدا، زۆر ناسرابوو و چەندین کتێبی وەک \'\'دەربەندی پەپوولە\'\'، \'\'خاچ و مار و رۆژژمێژی شاعیر\'\'، \'\'گۆرستانی چراکان\'\'، \'\'بۆ نامە\'\'، \'\'رەنگدان\'\' و ... هتد وەرگێڕدراوەتەوە سەر زمانی فارسی.
تەرمی شێرکۆ بێکەس ئەمڕۆ دووشەممە رێکەوتی ٢١ی گەلاوێژی ١٣٩٢ی هەتاوی، لە نێو ئاپۆڕای خەڵکی باشووری کوردستان و هونەردۆستان و ئۆگرانی شیعری ئیمپراتۆری دونیا و بە ئامادە بوونی کەسایەتییە سیاسی و فەرهەنگییەکان و هەروەها بە ئامادەبوونی نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە پارکی ئازادیی شاری سلێمانی بە خاک سپێردرا.