کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی حیزبی دێموكرات لە كۆنفڕانسی دادگای نێودەوڵەتیی تاوان لە هەولێر بەشداریی كرد

16:56 - 8 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: لەسەر داوای نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆنفڕانسێکی تایبەت بە تاوانەکانی رێژیمی ئێران لە دادگای نێودەوڵەتیی تاوان بەڕێوە دەچێت.
بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری کوردستان میدیا، رۆژی سێ‌شەممە رێكەوتی ٧ی خەزەڵوەری ١٣٩٢ی هەتاوی، شاندێکی پێوەندییەكانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە شاری هەولێر بە سەرپەرستیی \'\'محەممەد ساڵح قادری\'\' لە کۆنفڕانسی دادگای نێودەوڵەتیی تاوان بەشداریی كرد.
سەرەتای كاری كۆنفڕانس بە وتەی وەزیری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان \'\'ئارام ئەحمەد\'\' و \'\'ئەمەل نەسار\'\' نوێنەری داداگای ناوبراو دەستی بە كارەكانی كرد.
مەبەستی سەرەكیی پێكهێنەرانی كۆنفڕانسەكە كە دەیان رێكخراوی كۆمەڵگای مەدەنی و دادوەران و مامۆستایانی زانكۆ بەشدار بوون، گوشار خستنە سەر دەوڵەتی عێراقە تاكۆ ببێتە ئەندام لە \'\'دادگای نێودەوڵەتیی تاوان\'\'دا و پابەندی یاساكانی رۆما بێت.
بۆ پشتگیری ئەم مەبەستە حكوومەتی هەرێم یاداشتنامەیەكی وێڕای واژۆی ٨٠ پارلمانتاری پارلمانی كوردستان بۆ سەرۆكایەتیی دەوڵەتی عێراق بەرز كردەوە و داوای كردووە كە هەرچی زووتر دەوڵەتی عێراق ببێتە ئەندام لەو دادگایەدا.
ئەركی ئەو دادگایە لێكۆڵینەوە لە ترسناكترین ئەو تاوانانەیە كە بە كوشتنی بە كۆمەڵ، تاوانی شەڕ، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ناسراون و دەبێتە هۆی دڵەڕاوەكێی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی.
ئەو دادگایە سزای ئەو تومەتبارانە دەدات كە ئەو تاوانەیان ئەنجام داوە.
هەتا ئێستا ١١٤ وڵات لەو دادگایەدا بوونەتە ئەندام.
لەسەر داوای نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، رەزامەنی بۆ پێكهێنانی كۆنفڕاسێكی تایبەت بە تاوانەكانی دژبە مرۆڤایەتیی رێژیمی ئێران وەرگیرا تاكۆ بە رێگای رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و لایەنە سیاسییەكانی رۆژهەلاتی كوردستان گۆشار بخرێتە سەر ئێرانیش كە لەو دادگایەدا ببێتە ئەندام.