کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی پێوەندییەکان KCK سەردانی دەفتەری پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە هەولێر کرد

21:15 - 5 رەشەمه 2713

کوردستان میدیا: دۆخی کوردستانی سووریە چەقی باسەکانی هاودیتنی دوو شاندی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کەجەکەی لە شاری هەولێر پێکهێنابوو.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا؛ شاندیکی پێوەندییە کوردستانییەکانی کۆما جڤاکێن کوردستان (KCK) لە شاری هەولێر بە سەرپەرستیی \'\'هەڤاڵ فەرحان عەمارا\'\' رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٤ی رەشەمەی ١٣٩٢ی هەتاوی، سەردانی دەفتەری پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لە شاری هەولێر کرد و لەلایەنی شاندێکی پێوەندییەکانی حیزبەوە بە سەرپەرستیی \'\'محەممەد ساڵح قادری\'\' پێشوازیی لێ کرا.
رەوشی کوردستانی سووریە و گرفتەکانی بەردەم نەتەوەی کورد و ئەو دەرفەتە کە بۆ گەلی کورد لەو بەشە لە کوردستان رەخساوە و پێویستیی پشتگیریی هێزەکانی کوردستانی ئێران لە کانتۆنەکانی خۆبەڕێوەبەریی کوردستانی سووریە لەلایەن شاندی \'\'کەجەکە\'\'وە هاتە بەر باس.
لەو دیدارەدا شاندی حیزب وێڕای ئاماژە بە پێویستیی دانووستانی نێوان لایەنەکان لەمەڕ چارەسەریی کێشەکان، باسی لە هەڵوێستی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر رووداوەکانی کوردستانی سووریە و پێداگریی لایەنەکانی بۆ پاراستنی بەژەوەندییە نەتەوەیی‌یەکان لەو بەشە لە کوردستان کرد.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی سەرپەستی شاندی حیزبدا هاتبوو: پێکەوە کارکردن و هاوهەڵوێستیی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان بە دوور لە هەرچەشنە دەمارگرژییەک لەمەڕ تێپەڕبوون لەو هەلومەرجە هەستیارە، پێویستیی ئەم قۆناغەی خەباتی کورد لە کوردستانی سووریەیە.