کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات، سەردانی پارلمانی نوروێژی کرد

16:19 - 9 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: شاندێکی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات سەردانی پارلمانی نوروێژی کرد و لەو سەردانەدا دوایین بارودۆخی ناوچەکە و جموجۆڵی خەڵکی کوردستانی رۆژهەڵات و رووداوەکانی ئەم دوایی‌یانەی خستە بەر باس.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، شاندێکی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی عەزیم ئەلیاسی نوێنەری حیزب لە نوروێژ، رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٧ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی، سەردانی پارلمانی ئەو وڵاتەیان کرد.

شاندی پێوەندییەکانی حیزب لەو دیدارەدا لەگەڵ \'\'هەیکی هۆڵموس\'\' ئەندامی پارلمانی سەربه لیستی حیزبی سوسیالیستی چەپ کۆبوونەوە.

شاندی پێوەندییەکان حیزبی دێموکرات لەو دیدارەدا باسی لە چەندین بابەت و پرسی پێوەندیدار بە ناوچەکە وەک:
ــ بارودۆخی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
ــ بارودۆخی هەر چوار بەشی کوردستان
ــ دەستێوەردانی ئێران لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە
ــ جموجۆڵەکانی کوردستانی رۆژهەڵات و رووداوەکانی ئەم دوایی‌یانە
ــ پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران و ئەرکی کۆمەڵگای جیهانی

هەیئەتی حیزب لە بارەی شەڕ لە وڵاتانی عێراق، سووریە و یەمەن و دەرئەنجامەکانی ئەو شەڕانە، پرژایە سەر ئەوە کە وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمریکا پێویستە بە جیددی هەوڵ بۆ هۆکارەکانی ئەو شەڕانە بدەن.

شاندی پێوەندییەکانی هەروەها باسی لەوە کرد رێژیمی ئێران لە عێراق نفووزی خۆی بەسەر لایەنەکانی شیعە و دەسەڵاتی بەغدا بە کار هێناوە بۆ ئەوەی لایەنی سوننە و بگرە کوردیش پەراوێز بخرێن و ئەمەش دەرفەتی بۆ توندڕەوکانی ناوچە وەک لە پێشدا ئەلقاعیدە و لەم دوایی‌یانەشدا داعش خۆش کردوە کە بارودۆخی ئەم وڵاتە ناسەقامگیر بکەن.

لەو پێوەندییەدا سەرپەرستی شاندی حیزب وتی: رێژیمی ئێران لە سووریەش بە یارمەتیدانی بەشار ئەسەد، ئاستەنگی لە بەردەم کورتبوونەوەی شەڕ لەو وڵاتە دروست کرد و ئەمەش ئەو وڵاتەی نەک هەر بەرەو وێرانە کێشاوە، بەڵکوو ئێستا زۆربەی دانیشتوانی ئاوارە و ماڵوێران کردووە.
لە درێژەدا هەیئەتی حیزبی دێموکرات رایگەیاند: رێژیمی ئێران لە وڵاتی یەمەن بە یارمەتیدانی حوسییەکان، ئەو نیمچە ئارامییەی کە دوای لەسەر کارلابردنی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح هاتبووە ئاراوە، تێکدا و ئێستا ئەم وڵاتەش لە ئاگری شەڕی نێوخۆییدا دەسووتێ.

هەیئەتی حیزی دێموکرات وتیشی: بەم شێوەیە رێژیمی ئیسلامیی ئێران دەستی لە هەموو نائارامییەکانی ناوچەکەدا هەیە و ئەمەش نەک هەر بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بگرە بۆ هەموو جیهان مەترسیدارە.

هەروەها هیئەتی حیزبی رایگەیاند: لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەم دوایی‌یانەدا جموجۆڵی سیاسی و مەدەنی زیادی کردووە و ئەمەش بۆ کوردانی رۆژهەڵات هیوابەخشە. لە چەند حەوتوو لەمەوپێش بە دژایەتی لە گەڵ بێ‌ڕێزکردنی کاربەدەستانی رێژیمی ئیسلامی بە کچێکی کورد لە شاری مەهاباد کەلە ئەنجامدا بووە هۆی ئەوەیکە کچەکە خۆی بکوژێ، خەڵکی شار خۆپیشاندانیان کرد و ئەم کردەوەی مۆرەکانی رێژیمیان مەحکووم کرد و رێژیم سەدان کەس لە خۆپیشاندەران و خەڵکی دیکەی دەستگیر کرد.

لەو پێوەندییەدا هەیئەتی حیزب ئاماژەی بەوە کرد، حدکا، بەشێک لە پێشمەرگەکانی خۆی ناردۆتەوە بۆ نێوخۆی وڵات کە ئەوەش بووەتە هۆی خۆشحاڵی خەڵکی کوردستانی رۆژهەڵات و پێشوازی لەم جموجۆڵانەی هێزی پێشمەرگە دەکەن.

هەیئەتی حیزب باسی لە پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لەو وڵاتە و بە تایبەتی کوردستانی رۆژهەڵاتدا کرد کە رووی لە زیادبوون دایە. بەم بۆنەوە داوا کرا کە لایەنی نۆرویژی کار بۆ فشارخستنەسەر کاربەدەستانی ئێران بکات.

لایەنی نوروێژی لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە ئەوەی رێژیمی ئێران لە ناوچەکە دەیکات زیاتر ناوچەکە بەرەو ئاڵۆزتر بوون دەبات و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پێویستە هەم ئەم کارانەی رێژیمی ئیسلامی و هەم ئاڵۆزییەکە لە تەواوییەتی خۆیدا بە جیددی بگرێت.