کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی کۆمیتەی حیزب لە ئاڵمان لە کۆنفرانسی \"مافی ژیان و سزای لە سێدارەدان\" بەشداریی کرد

14:09 - 4 رێبەندان 2713

کوردستان میدیا: رۆژی ٢٨ی بەفرانبار لە شاری کۆڵنی ئاڵمان کۆنفرانسێک لە ژێر ناوی مافی ژیان و سزای لە سێدارەدان لەلایەن ناوەندی توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی ئێران بەڕێوەچوو.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، کۆنفرانسی ئاماژە پێکراو بە بەشداریی نوێنەرانی حیزب و رێکخراوە سیاسییەکانی نەتەوەکانی ئێران و ژمارەیەک کەسایەتی و کارناسی سیاسی لە ماوەی دوو رۆژ کاری خۆیدا و لە چەندین پانێل بەڕێوەچوو.
شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ــ ئاڵمان، بەشداری کۆنفرانسەکە بوو و روانگە و بیر و رای حیزبیان بۆ بەشداربوان باس کرد.
لە یەکێک لە پانێلەکانی کۆنفرانسدا، ئەبوو کەریمی نوێنەری حیزب لە ئاڵمان قسەی بۆ بەشداربوان کرد. کەریمی لە قسەکانیدا باسی لە پرسی لەسێدارەدان و پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە کۆماری ئیسلامی کرد و گوتی: \'\'رێژیمە تۆتالیترەکان و یەک لەوان کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی زۆر نامرۆڤانە، بە پشت بەستن بە یاسای ئایینی گیانی بەندکراوان دەستێنێ و هەوڵی رەوایەت دانیان بە پێی ئەو یاسایە ئەدات و تەنیا رێگەی بەربەرەکانی، رووخان و لەناوچوونی ئەو رێژیمە و دامەزرانی حکوومەتێکی دێموکرات و فیدراڵە هەتا بتوانین بەهاکانی مافی مرۆڤ و ژیان و گوزەران بۆ گەلانی ئێران بگێڕینەوە، بەڵام بۆ رووخانی ئەو رێژیمە پێویستە هەموو نەتەوەکانی ئێران و حیزب و رێکخراوەکان بە پێچەوانەی ساڵانی پێشوو واز لە جیاوازی و ناکۆکییەکانیان بێنن و لەسەر خاڵە هاوبەشەکان کار بکەن\'\'.
هەر لە کۆنفرانسەکەدا \'\'شەهریار نەقشبەندی\'\' بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە ئاڵمان وتەیەکی پێشکەش کرد، نەقشبەندی لە بەشێک لە قسەکانیدا رەخنەی لە بێدەنگ بوون و هەڵوێست نەگرتنی گەلانی ئێران پێکەوە بەرانبەر بە لە سێدارەدان گرت و گوتی: \'\'ئەگەر ئێمە مرۆیی بیرکەینەوە و رێز گرتن لە بەها بەرزەکانی مرۆڤایەتی بکەینە هەوێنی کار و تێکۆشانی خۆمان، بە دڵنیاییەوە لە بەرانبەر هەر پێشێلکارییەکدا هەڵوێستی ئینسانیی خۆمان دەنوێنین و بە گژیدا دەچینەوە بە بێ ئەوەی بیر لە ناسنامەی مرۆڤی ماف خوراو کەینەوە\'\'.
نەقشبەندی لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئێران لە ئێستادا وەک قەسابخانەیەکی لێهاتووە و مرۆڤەکان یەک بە دوای یەکدا گیانیان لێ ئەستێندرێت، بۆیە هەموو ئەو کەسانەی بیر لە ئازادی و پاراستنی مافی مرۆڤ دەکەنەوە و دەیانهەوێ لە ژێر حوکمی رەشی ئەو رێژیمە دەربازیان ببێ، پێویستە پێکەوە یەک بگرن و هاوکار و یارمەتی دەری یەکتری بن هەتا بتوانین کۆمەڵگایەکی یەکسان و حکوومەتێکی مافپەروەر دابین بکەین\'\'.
ئامانج لە گرتنی کۆنفرانسی \'\'مافی ژیان و سزای لە سێدارەدان\'\' هەوڵێک بۆ دۆزینەوە و خۆ رێکخستن لە نێوان پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی ئێران و ناوەندە نێونەتەوەیی‌یەکان لە پێناو کۆتایی هێنان بە ئەستاندنی گیانی بەندکراوان بە دەستی کۆماری ئیسلامیدا بوو و بڕیاریشە لە داهاتوودا درێژەی هەبێ.