کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە رێوڕەسمی ساڵیادی کارەساتی هەڵەبجە لە پارلمانی سوێد بەشداریی کرد

20:16 - 24 رەشەمه 2713

کوردستان میدیا: رێوڕەسمی ٢٦ەمین ساڵیادی کارەساتی هەڵەبجە بۆ چوارەمین ساڵ لە پارلمانی سوێد بەڕێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران ــ سوێد بە سەرپەرستیی \'\'مەولوود عەبدیل‌زادە\'\' بەرپرسی کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییەکانی کورد و کوردستانی لە وڵاتی سوێد، رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٢٢ی رەشەمە، لە رێوڕەسمی ساڵیادی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە لە پارلمانی ئەو وڵاتە بەشداریی کرد.

رێوڕەسمەکە لەلایەن تۆڕی کوردی/ سوێدیی پارلمانی سوێد و بە هاوکاریی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکانی سوێد پێکهاتبوو و تێیدا نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسی و کولتوورییه کوردییەکان لە سوێد و هەروەها ژمارەیەک لە قوربانییانی کارەساتی هەڵەبجە بەشداری بوون.

لەو رێوڕەسمەدا \'\'شۆڕش قادر\'\' نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سوێد، \'\'شەرمین بوزئەرسەلان\'\' بەرپرسی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان و \'\'مەولوود عەبدیل‌زادە\'\' وەکوو نوێنەری کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییەکانی کورد و کوردستانی پەیامی خۆیان پێشکەش کرد.

ئەمە چوارەمین ساڵە کە رێوڕەسمی کارەساتی هەڵەبجە پارلمانی سوێد بەڕێوە دەچێت.

سوێد یەکێک لەو وڵاتانەیە کە بە شێوەی فەرمی کارەساتی ئەنفالی وەکوو کۆمەڵکوژیی خەڵکی کورد بە فەرمی ناسیوە.