کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریە سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کرد

15:00 - 6 رەشەمه 2713

کوردستان میدیا: نوێنەرانی ١١ حیزبی کوردستانی سووریە لە چوارچێوەی شاندێکدا، سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا؛ شاندێکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریە پێکهاتوو لە سکرتێر ‌و جێگری سکرتێر‌ و وتەبێژی یازدە حیزبی کوردستانی سووریە، دوای نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٥ی رەشەمەی ١٣٩٢ی هەتاوی، سەردانی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد ‌و لەلایەن شاندێکی حیزبەوە بە سەرپەرستیی \'\'مستەفا هیجری\'\' سکرتێری گشتیی حیزب پێشوازیی لێ کرا.
لەو هاودیتنەدا \'\'تاهیر سفۆک سەرۆکی دەورەیی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریە ئامانجی سەردانی ئەو شاندەی روون کردەوە.
ناوبراو رایگەیاند: راوڕاوێژ و وەرگرتنی بۆچوون و هەڵوێستی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر دۆخی ئێستای کوردستانی سووریە، بەشدارییان لە کۆنگرەی ژنێڤی ٢، کانتۆنەکانی کوردستانی سووریە و پێوەندیی و ئاستەنگەکانی بەردەم هێز و لایەنەکان، ئامانجی سەرەکیمان لەم سەردانەدا بووە.
لەو سەردانەی شاندی ئەنجومەنی نیشمانیی کوردی سووریە، \'\'فەوزی عەزیز\'\' راپۆرتێکی لەسەر دۆخی ئێستای کوردەکانی سووریە پێشکەش کرد و لەسەر رەوتی مێژووی حیزبی دێموکرات و پێگەی ئەو حیزبە لە بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کورد و ناسنامە و شانازییەکانی حیزب قسەی کرد ‌و چاوەڕوانیی دەربڕی کە حیزب بە سیاسەتی واقیعبینانەی، رۆڵی ئیجابی خۆی بگێڕێ لە لێک نزیک کردنەوەی هێز و لایەنە سیاسییەکان و پشتیوانی لە مافە رەواکانیان بکا و حیزب یارمەتیدەر بێ بۆ چارەسەری کێشەکانیان و پشتیوانی لە داوا رەواکانیان بکا.
پاشان هەر یەک لە \'\'ئیبراهیم برۆ و د. عەبدولحەکیم بەشار وەکوو دوو بەشداربووی کۆنگرەی ژنێڤ ٢، رۆڵ و باندۆری بەشداریی خۆیان لە کۆنگرەکەدا و هەروەها ئاستەنگ و کێشکەکانی بەردەم ئەو کۆنگرەیەی لە بەرەوپێشچوونی کارەکانیاندا خستەڕوو.
دواتر مستەفا هیجری وێڕای خۆشحاڵی خۆی لە سەردانی ئەو شاندەی برایانی کوردی سووریە، باسێکی سەبارەت بە دۆخی ئێستای سووریە و پرسی کورد لەو بەشە لە کوردستان و پێویستیی لێک نزیک بوونەوەی لایەنەکان و هەروەها گرینگی کۆدەنگیی هەرچی زیاتری ئەو لایەنانە، خستە بەر باس و لەسەر زیانەکانی هێژمۆنی لایەنێک بەسەر لایەنەکانی دیکە ‌و سەپاندنی نەزەری هێزێک و باڵادەستیی بەسەر هێزەکانی دیکەدا‌ و هەوڵی پەراوێز خستنی لایەنەکانی‌تر، بە زەرەری کورد زانی و داوای کرد هەموو هەوڵیان بۆ چارەسەری هەرچی خێراتر بخەنە گەڕ‌.
هیجری پشتیوانی حیزبی دێموکراتی لە دەنگی رەوای خەڵک و پشتگیریی لە هێز و لایەنە نیشتمانییەکان خستەبەر باس و ئاماژەی بە بڕێاری پلینۆمی شەشەمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب بە نسبەت کوردستانی سووریە هێنایە بەرباس.
شاندی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریە کە نوێنەرایەتی ١١ حیزبی کوردستانی سووریە پێکهاتبوو، کە بریتین لە:


١ ــ د. عەبدولحەکیم بەشار، حیزبی دێموکراتی کوردی سووریە (ئەلپارتی)

٢ ــ نەسرەدین ئیبراهیم، حیزبی دێموکراتی کوردی سووریە (ئەلپارتی)

٣ ــ ئیبراهیم برۆ، حیزبی یەکیەتیی کوردی سووریە

٤ ــ مستەفا جومعە، حیزبی ئازادی کوردی سووریە

٥ ــ مستەفا ئاسۆ، حیزبی ئازادی کوردی سووریە

٦ ــ مستەفا مشایخ، حیزبی یەکیەتیی دێموکراتی کوردی سووریە (یەکیەتیی)

٧ ــ نیعمەت داوود، حیزبی یەکسانی کوردی سووریە

٨ ــ تاهیر سفۆک، حیزبی نیشتمانیی دێموکراتی کوردی سووریە

٩ ــ فەیسەڵ یووسف، بزووتنەوەی چاکسازی

١٠ ــ عەبدولباسیت حمۆ، حیزبی یەکیەتیی کوردستانی سووریە

١١ ــ فەوزی عەزیز، حیزبی ویفاقی کوردی سووریە