کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێكی كۆمیتەی حیزبی دێموكرات ـ بلژیك سەردانی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد

16:02 - 12 خەرمانان 2713

كوردستان میدیا: شاندێكی حیزبی دێمۆكراتی كوردستان لە بلژیك بە مەبەستی پیرۆزبایی كردن لە نوێنەری نوێی هەرێمی كوردستان لە یەكیەتی ئورووپا و دەستپێكردنی كارەكانی سەردانی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان لە یەكیەتی ئورووپا كرد.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، شاندەكە بە سەرپەرستیی عەلی ئەشرەف مورادی، ئەندامی جێگری كۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێمۆكرات و چەند ئەندامی بەڕێوەبەریی كۆمیتەی بلژیك لە شاری برۆكسێل ئەو سەردانەیان ئەنجام دا و لەلایەن بەڕێز دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری هەرێمی كوردستان لە یەكیەتیی ئورووپا پێشوازیی لێكرا.
شاندی حیزبی دێمۆكرات سەرەتا پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی بەڕێز دلاوەر ئاژگەیی، وەكوو نوێنەری نوێی هەرێمی كوردستان لە یەكیەتیی ئورووپا، كرد و هیوای سەركەوتنی لە بەجێهێنانی ئەركەكانیدا خواست.
بارودۆخی سیاسی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەت كوردستان، دۆخ و پرسی كورد لە داهاتووی گۆڕانكارییەكانی ناوچە، بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد، بارودۆخی سیاسیی ئێران پێش و دوای هەڵبژاردنەكانی سەركۆماریی و بارودۆخی كورد لە ئێران بە گشتی ئەو بابەتانە بوون كە لەو دیدارەدا كەوتنە بەرباس و ئالوگۆڕی بیر و ڕایان لە سەر كرا.