کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێكی كۆمیتەی حیزبی دێمۆكرات ـ بلژیك لەئاهەنگی رۆژی جیهانیی كرێكار بەشداریی كرد

21:54 - 12 بانەمەڕ 2713

كوردستان میدیا: شاندێكی كۆمیتەی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران لە بلژیك بە سەرپەرستیی ئیبراهیم خودامورادی، بەرپرسی كۆمیتە بە بۆنەی ١ی گوڵان، رۆژی جیهانیی كرێكار، لە ئاهەنگی فیدراسیۆنی گشتی سەندیكا كرێكارییەكانی بلژیك بەشداریی كرد.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممەرێكەوتی ١١‌ی بانەمەڕ فیدراسیۆنی گشتی سەندیكا كرێكارییەكانی بلژیك ناسراو بە FGTB ئاهەنگێكی وەرێ‌خست و ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دێمۆكرات لە بلژیك بەهەڵكردنی ئاڵای كوردستان و بڵاو كردنەوەی راگەیەندراو لەو ئاهەنگەدا چالاكیان نواند.
لەراگەیەندراوەكەدا ئاماژە بە دۆخی ناڵەباری كرێكاران و زەحمەتكێشان لە ئێران و بەتایبەت كوردستان كرابوو و تیشك خرابووە سەر دۆخی قەیراناویی سیاسی، ئابووری، كۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی زاڵ بە سەر هەموو ئێران و بەتایبەتیش كوردستان.

4594.jpg

فیدراسیۆنی گشتی سەندیكا كرێكارییەكانی بلژیك ناسراو بە FGTB، گەورەترین رێكخراوی كرێكاری بلژیكە و ساڵانە بە بۆنەی ١ی گوڵان، رۆژی جیهانیی كرێكار، ئاهەنگی تایبەت لە شاری برۆكسێل بەڕێوە دەبات.
بێجگە لە رێكخراو و سەندیكا بلژیكییەكان، نوێنەری رێكخراو و سەندیكای دەیان وڵاتی دیكەی جیهان لەو ئاهەنگەدا بەشدار بوون.