کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شایی و شۆڕش

19:44 - 17 خاکەلێوه 2716

کەریم پەرویزی

خەباتی نەتەوەیەکی بندەست و ستەملێکراو، تەنیا بوارێک و ڕەهەندێک ناگرێتەخۆ، گەر نەڵێین هەموو، بەشێکی زۆری ڕەهەندەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووریی خەڵک دەگرێتەوە و هەر وەک کارل مارکس گوتی، نەتەوەیەک کە لەژێر ستەمەدا دەژی، هەموو تواناکانی بۆ ڕزگاربوون لە ژێردەستی و ستەم تەرخان دەکا و خەبات بۆ ڕزگاری سەرتاپای ژیان و مێژووی ئەو نەتەوەیە دادەگرێ.

ئەمەش بەو واتا نیە کە ئەو نەتەوە بۆخۆی و بە ئیرادە و ویستی خۆی هەموو ئەو بوارانەی ژیانی تێکەڵ بە خەبات بۆ ڕزگاری دەکا، بە واتایەکی دیکە هیچ نەتەوەیەک حەزی لەوە نیە کە هەموو هێز و وزە و بیرکردنەوەی بۆ شەڕ (جا سیاسی بێ یان نیزامی یان ...) تەرخان بکا، بەڵکوو حکوومەت و دەسەڵاتی ستەمکار و داگیرکەرە کە لە ترسی خۆی و لە پێناوی تێرکردنی هەستی پاوانخوازیدا بەرە بەرە هەموو کەلێن و قوژبنێکی ژیانی ئاسایی خەڵکی ستەملێکراو و ژێر دەسەڵاتی داگیر دەکا و لە ترسی ئەوەی کە کەلێنێکی بەجێ نەهێشتبێ کە لەوێوە دوژمنانی ئەو ڕێژیمە دزەی تێ بکەن، هەوڵ دەدا تاریکی و ستەمکاریی بە سەر هەموو سووچ و بنمیچێکی کۆمەڵگادا بسەپێنێ.

لەم ڕوانگەیەوە و هەروەها لە ڕوانگەی ئیدئۆلۆژیی مەرگدۆستی کۆماری ویلایەتی سێدارەوەیە کە دەبینین ئەم ڕێژیمە حەزی زۆری لە مەرگ و شیوەن و پەرەدان بە کولتووری شیوەن و عەزاداری یە و لەگەڵ شایی و خۆشیی خەڵکدا ناتەبا و دوژمنە و هەرجۆرە شاییەکی خەڵک بە دژایەتیی لەگەڵ خۆی دادەنێ.

کە دەگاتە سەر نەتەوەی کورد، لەبەر تایبەتمەندییە نەتەوەیی و کولتووریی و مێژووییەکانی، بەردەوام ڕق و بێزاریی خۆی لە ڕێژیمە ستەمکارەکان و لە داگیرکەران هەم بە ڕەزم و هەم بە شایی و هەڵپەڕکێ دەربڕیوە و بۆیە لە مێژووی خەباتی نەتەوەی کورددا، لە هەموو بەشەکانی دەبینین کە شایی و گۆڤەندی کوردی بۆتە ڕەمزی یەکگرتوویی و بەگژ داگیرکەردا چوونەوە و لە سەرکەوتنەکاندا بە ڕەشبەڵەکی ڕەنگاڵە، چاوی دوژمنانیان پێ کوێر کردووە.

لە نەورۆزی ئەمساڵدا، نەتەوەی کورد لە کوردستانی خۆرهەڵات، هیوای ژیانەوە و گەشانەوە و بەگوڕتربوونی خەباتی لە شایی و گۆڤەندی بەرفراوان و پڕئەژماردا نیشان دا و لە هەموو شوێنێکی ئەم بەشە لە نیشتمانی کورد، شۆڕشیان تێکەڵ بە شایی و گۆڤەندی ڕەمزدار و مانابەخشی نەتەوەیی کردەوە.

بەهار و ساڵێ نوێ و ڕۆژانی سەیران و خۆشی و چوونەدەرەوەی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات، پڕاوپڕ بوون لە شایی شۆڕشێک کە بەڕێوەیە.

وێنه: ئەفشین فەتاحی