کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەپۆلێكی نوێ‌پارە ئەستاندن لە قوتابیانی قوتابخانەكانی شاری مەریوان دەستی پێكردەوە

14:53 - 25 خاکەلێوه 2713

كوردستان میدیا: دوابەدوای هاتنی سەری ساڵی نوێ‌لێپرسراوانی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەشاری مەریوان لە بەخشنامەیەكدا داوای پارەیان لە قوتابیان كردووە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، سەرەڕای داهاتی كەمی هاووڵاتیانی كورد بەتایبەت لە شارە سنوورییەكانی كوردستان، لێپرسراوانی قوتابخانەكانی شاری مەریوان بە قوتابیانیان وتووە، دەبێ‌هەر كامیان لە ١٠٠هەزار تمەنەوە هەتا ١٥٠ هەزار تمەن پارە بە قوتابخانە بدەن.
هەر لەو پێوەندییەدا بەرپرسانی قوتابخانەكانی خاومیراوا و سەرشیوی مەریوانیش بە سەرجەم قوتابیانیان وتووە كە دەبێ‌ئەو پارە بە مەبەستی بەڕێوەبردنی و دابین كردنی پێداویستیەكان بە قوتابخانەكان بدەن.
یەكێك لە بنەماڵەی ئەو قوتابیانەی كە داوای پارە لە منداڵەكەی كراوە بە ماڵپەڕی كوردستان میدیای راگەیاند: من بۆ خۆم هیچ كارێكی ئەتۆم نیە و جاروبارە كاری سەر سنوور دەكەم و ئەویش زۆر بەئەستەم دەتوانم مانگانە ٢٠٠هەزار تمەن بەدەست بێنم و من بە هیچ شێوەیەك ناتوانم ئەو پارەیەی كە قوتابخانەكان داوایان كردووە پێیان بدەم.
وەرگرتنی پارە لە قوتابیان لەحاڵێكدایە، كە هەر قوتابییەك ساڵانە بڕە پارەیەكی بە ناوی هەزینەی ساڵانە هەیە و پێویستە لێپرسراوانی قوتابخانەكان بۆیان خەرج بكەن، بەڵام لەگەڵ هەمووی ئەوانە زۆربەی قوتابخانەكانی كوردستان لە كتێبخانە، هۆڵی وەرزشی و كەلوپەلی وەرزشی بێبەرین.
ماوەیەك لەمەوبەریش ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری مەریوان ژمارەیەك قوتابیی كچی بەهۆی نەدانی پارە بە قوتابخانەكەیان، لە خوێندن بێبەری كردبوو.
لێپرسراوی قوتابخانەی فاتمەی زەهرا لە شاری مەریوان داوای پارەیەكی بە بڕی ١٠٠ هەزار تمەن لە هەر قوتابییەك كردبوو و لەئەنجامدا ٤٠قوتابی بەهۆی دەسكورتی و نەدانی ئەو پارەیە، لەلایەن ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ئەو شارەوە دەركرابوون.
قوتابخانەی فاتمەی زەهرا تایبەت بەو كەسانەیە كە لە گوندەكانی دەوروبەری شاری مەریوانەوە بە مەبەستی خوێندن و فێر بوونی زانست روو دەكەنە ئەو شوێنە و بۆ ماوەی ٩ مانگ لەوێ دەمێنەوە.
قوتابیانی قوتابخانەكانی شاری سنەش لەو دیاردەیە بێبەری نەبوون
هەر لەو پێوەندییەدا ماوەی سێ‌ مانگ لەمەوبەر لێپرسراوی قوتابخانەی (دەوڵەتی) شێخ شەڵتوت لە شاری سنە بە قوتابییانیان راگەیاندبوو، دەبێ‌هەر كامیان ١٥٠ هەزار هەتا ٣٠٠ هەزار تمەن پارە بەو لێپرسراوە بدەن.
ئەو لێپرسراوە بە قوتابییانی وتبوو، قوتابخانەی شێخ شەڵتوت ئیمكاناتێكی ئەوتۆی نییە و پێویستە قوتابییان ئەو ئیمكانات و كەلوپەلانە دابین بكەن.
قوتابخانەی دواناوەندیی شێخ شەڵتووت لە گەڕەكی فەیزاوا لە نزیك مەیدانی دارفرۆشانی شاری سنە هەڵكەوتووە.
لەلایەكی دیكەوە و لەدرێژەی وەرگرتنی پارە لە قوتابیان، بەرپرسانی قوتابخانەكانی ئەلزەهرا، ماعێدە و دەروێشان لە شاری سنە پارەیەكی بەرچاویان لە قوتابییان وەرگرتبوو و بە سەرجەم قوتابییانی دیكەشەیان راگەیاندبوو كە دەبێ‌ئەو پارەیە بە قوتابخانەكان بدەن.
ئەو پارەیەی كە وەرگیرابووو بڕەكەی ٢٠٠ هەتا ٥٠٠ هەزار تمەن بووە.