کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فڕۆکەوانێکی سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران لە عێراق کوژرا

23:37 - 15 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: فڕۆکەوانێکی هێزی هەوایی سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی عێراقدا کوژرا.

بەپێی راپۆرتی هەواڵدەرییە ناوخۆیی‌یەکانی سەر بە رێژیم، عەلەمداری مورجانی فڕۆکەوانی رێژیمی ئێران کە لەلایەن ئەو رێژیمەوە رەوانەی عێراق کرابوو، لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ئەم دوایی‌‌یانەدا کوژرا.

هەواڵدەرییە ناوخۆیی‌یەکانی رێژیم لە حاڵێکدا هەواڵی ناشتنی تەرمی ئەو پاسدارەی خەڵکی گوندی خانە خومیسی ناوچەی شیراز بڵاو کردەوە کە بەرپرسانی رێژیم لە بەشداری و هەناردنی هێزەکانی خۆی بۆ عێراق و وڵاتانی دراوسێ رەت دەکاتەوە.

حەفتەی رابردوو، هەواڵدەرییە نێودەوڵەتییەکان، هەواڵی ناردنی فڕۆکەی شەڕکەری \'\'سۆخۆی ٢٥\'\' لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە بۆ عێراقیان بڵاو کردبووەوە.

بەپێی راپۆرتی ئەم هەواڵدەرییانە، فڕۆکەوانیی ئەو فڕۆکانە لە ئەستۆی ١٠ ئەندامی سپای پاسدارن و چوار فڕۆکەوانی عێراقیدا بووە.

راۆێژکاری سەرکۆماری عێراق بۆ کاروباری نیزامی لەم بارەیەوە رایگەیاند: ئەرتشی عێراق هەتا ساڵی ١٩٩١ لانیکەم ١٧ هەزار فڕۆکەوانی بووە کەلە باری لۆژیکییەوە هەر فڕۆکەوانێک هەتا تەمەنی ٥٠ ساڵی توانای بەکارهێنانی فڕۆکەی شەرکەری هەیە. من دڵنیام کە وڵاتی عێراق لانێکەم ٤٠٠ فڕۆکەوانی هەیە کە دەتوانن فڕۆکەی شەڕکەری سۆخۆی کۆنترۆڵ بکەن.