کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرمانبەرانی سەربە شیرکەتی گازی سنە و کرێکارانی کوشتارگای پاوە دەستیان دایە مانگرتن

12:53 - 14 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: کارمەندانی (کنتور خوان)ی سەربە شیرکەتی گازی پارێزگای سنە و کرێکارانی کوشتارگای شاری پاوە بەهۆی کەمیی حەقدەست و دۆخی تەندروستی، دەستیان دایە مانگرتن و ناڕەزایەتییان دەربڕی.
نزیک بە ٣٠ فەرمانبەری شیرکەت گازی سنە بەهۆی کەمیی حەقدەستەکانیان ناڕەزایەتییان دەربڕی و ئەو فرمانبەرانە لەو بڕوایە دان مووچەی ٤٥٠ هەزار تمەنی مانگانەیان وەڵامدەری پێدوایستییەکانی ژیانیان نییە.
ئەو مانگرتووانە وتوویانە، بەڵێنییەکانی تەعاونی سینفیی کارمەندان کە بڕیار بوو پێداچوونەوەی پێدوایستییەکانی فەرمانبەران و کرێکارانی شیرکەت گازی سنە بکات هەتا ئێستا وەدی نەهاتووە.
هەر لەو پێوەندییەدا ماڵپەڕی کۆمیتەی هاودەنگی بۆ پێکهێنانی دامەزراوە کرێکارییەکان بڵاوی کردەوە، کرێکارانی کوشتارگای شاری پاوە بەهۆی کەمیی حەقدەست و نەبوونی ئیمکاناتی تەندروستی مانیان لەکار کردن گرتووە.
لەلایەکی دیکەوە ژمارەیەک لە دووکانە گوشت فرۆشییەکانیش بەهۆی کەمیی و گرانیی گۆشت، شوێنەکانیان داخستووە.
سەرچاوەکە ئەوەشی خستە روو ئەو مانگرتنە ماوەی ٤ رۆژە بەردەوامە.