کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرماندەیەکی پایەبەرزی سەربازی لە رێژیمی سووریە جیا بووە

12:49 - 7 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: ژنراڵ عەبدولعەزیز جاسم شەڵاڵ، فەرماندەی دیژبانی ئەرتشی رێژیمی سووریە، ریزی هێزە نیزامییەکانی ئەو رێژیمەی بەجێهێشت و چووە پاڵ ناڕازیان.
جاسم شەڵاڵ لە پەیامێکدا رایگەیاندووە، ئەرکی ئێمە پاراستنی وڵاتە و لەحاڵی حازردا من ئەوە شتە لە هێزە نیزامییەکانی رێژیمی سووریەدا بەدی ناکەم.
ئەو فەرماندەیە وتی: رێژیمی سووریە و له سەرووی هەموویانەوە بەشار ئەسەد تووشی جەنایەت بە دژی مرۆڤایەتیی بوون.
پێشتریش دانی بعاج بەرپرسی لێژنەی سووریە لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندبوو کە ئیتر ئامادەی کارکردن نییە و بە فەرمی دەست لەکار کێشانەوەی خۆی بە رێژیمی دیمەشق راگەیاندبوو.
لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا کۆمەڵێک لە باڵوێز و دیپلۆماتەکانی سووریە و هەروەها کۆمەڵێکی بەرچاو لە ئەفسەران لە رێژیمی سووریە جیا بوونەتەوە و بە ریزی دژبەران پەیوەست بوون.
هەر لەو پێوەندییەدا عەبدول‌لەتیف دەباغیش باڵوێزی سووریە لە ئەبووزەبی جیابوونەوەی خۆی لە رێژیمی سووریە راگەیاندبوو.
لەلایەکی دیکەوەی ماوەی ٤ مانگ لەمەوبەر ئەخلاس بەدەوی نوێنەری شاری حەڵەب لە پارلەمانی سووریە لە رێژیمی سووریە جیا بۆوە و پەیوەست بە ریزی دژبەران بوو.