کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قوتابیانی شیناوێ بەهوی \"نیوەکرانی دیەکانیان\" لە بەرامبەر بینای سەرکۆماریی رێژیمی ئێران لە تاران کۆبوونەوە

23:34 - 26 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: قوتابییانی کارەساتی شیناوێ و بنەماڵەکانیان بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین لە هەمبەر نیوەکرانی دیەکانیان لەلایەن ئیدارەی بیمەوە، لە بەرانبەری بینای سەرکۆماریی رێژیمی ئێران لە تاران کۆبوونەوە.
هەواڵدەرییە نێوخۆیی‌یەکان بڵاویان کردەوە، رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٩٣ هەتاوی، کچە قوتابییەکانی کارەساتی شیناوێ کە بەهۆی ئاگرگرتنی سۆبەی قوتابخانەکەیان لە پاییزی ساڵی ١٣٩١ سووتان، لەگەڵ بنەمالەکانیان لە بەرانبەر دەفتەری سەرکۆماری رێژیم لە تاران کۆبوونەوە.

پێڕانەگەیشتن و نەدانی دیەی تەواوی ئەو کچانە لە رۆژی دیاریکراودا واتە ساڵی ١٣٩٢ و کەم کردنەوەی رێژەی سەدیی سووتانی قوتابییانی شیناوێ لەلایەن پزشکی یاسایی یەوە یەکێک لە هۆکارەکانی ناڕەزایەتی دەربڕینی بنەماڵەکانی ئەم قوتابیانە راگەیەنراوە.

کۆبونەوەی کچە قوتابییەکانی شیناوێ پاش ئەوە هاتووەتە ئاراوە کە ئێدارەی بیمە رایگەیاند بەهۆی کچ بوونییانەوە ئەم قوربانییانە، نیوەی دیەی سووتانیان پێ دەدرێ.

حوسێن ئەحمەدی نیاز پارێزەری قوتابییانی شیناوێ، بڕیاری نیوە کرانی دیە ئەم قوتابییانە بەهۆی کچ بوونیانەوە لەلایەن بیمەوە پژڕاست کردووەتەوە و رایگەیاندووە: بەهۆی پشت بەستن بە هێندێ یاسای ئیسلامیی باو لە ئێران بیمە بیمە نیەی دیەی کچە قوتابییانی شیناوێ دەدات.