کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەدەغەکرانی هاتوچۆی تانکێرە نەوتهەڵگرەکان لە سنووری باشماخ

23:16 - 22 پووشپەڕ 2714

کورستان میدیا: رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی گوشارهێنان بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هاتوچۆی نەوتهەڵگرەکانی لە سنووری باشماخ قەدەغە راگەیاند.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ١٩ی پووشپەڕ لە بەخشنامەیەکدا بە هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران جێگیر لە سنووری باشماخ، راگەیەنراوە کە ئیزنی هاتوچۆی نەوتهەڵگرە عێراقییەکان لەو سنوورە نادرێ و چیدیکە ناتوانن بچنە نێو خاکی ئێرانەوە.

هەر لەو راگەیەنراوەدا هاتووە کە چوونە ژوورەوەی نەوتهەڵگرەکانی ئێران بۆ هەرێمی کوردستانیش قەدەغەیە.

نەوتهەڵگرەکانی هەرێمی کوردستان پێشتر لەو سنوورەوە نەوتی رەشی ئەو هەرێمەیان لە رێگەی بەندەرەکانی ئێرانەوە رەوانە بازارەکانی نەوتی جیهان دەکرد کە هەنووکە بەپێی ئەم بڕیارەی رێژیمی ئێران، هاتوچۆیان قەدەغە کراوە.

بەگوێرەی ئەم راپۆرتە، بڕیاری رێژیمی ئێران لەمەڕ قەدەغەکردنی هاتوچۆکان لە جێبەجێ کردن دایە و ئەو نەوتهەڵگرە ئێرانییانە کە ویستوویانە لە خاکی ئێران وەدەر کەون، پێشگیرییان لێ کراوە.