کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی ناو یەکیەتی تەنیا هی یەکیەتی نابێت

21:47 - 8 بەفرانبار 2715

کوردستان میدیا: هیواکان بۆ چارەسەری کێشەکانی ناو یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان بەرەو کزی دەڕوا.

ماڵپەڕەکانی هەرێمی کوردستان بڵاویان کردووەتەوە کە باڵێکی نێوخۆی یەکیەتی پاش ئەوەی کە ڕێبەرایەتیی ئەو حیزبە لە ماوەی ١٧ مانگی ڕابردوودا هیچ کۆبوونەوەیەکی نەگرتووە، خۆی بۆ دوا بڕیار لەسەر دۆخی داهاتووی ئەو حیزبە ئامادە دەکات.

باڵی ناسراو بە ناڕازی ناو یەکیەتیی نیشتمانی، لە لایەن کۆسرەت ڕەسووڵ عەلی و بەرهەم ئەحمەد ساڵح ئەندامانی جێگری سکرتێری گشتی ڕێبەرایەتی دەکرێن و دژ بە شێوازی کارکردنی باڵی دیکەن کە بەپێێ هەواڵەکان لە لایەن هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد سەرکردایەتی دەکرێ.

هەر بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، لە یەک مانگی ڕابردوودا ئەندامانی ناڕازی لە سەرکردایەتیی یەکیەتیی نیشتمانی، داواکاری چاکسازیی سیاسی، ماڵی و ئیدارییان بە شێوەی نووسراو داوەتە دەستی باڵی هێرۆ ئیبراهیم، بەڵام دانیشتنی دوێنێی باڵی کۆسرەت ڕەسووڵ عەلی و بەرهەم ئەحمەد ساڵح لە سلێمانی، نیشان لە بێ ئاکام بوونی هەوڵەکانی ئەو دوو کەسانەیە.

کێشەکانی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان، لە پاش نەخۆش کەوتنی مام جەلال تاڵەبانی لە ڕێکەوتی ٢٧ی سەرماوەزی ٩١، لە لێواری تەقینەوەدایە. سکرتێری گشتیی ئەو حیزبە بۆ کۆکردنەوەی لایەنە جیاواز و ناکۆکەکانی ناو یەکیەتی و دەرەوەی یەکیەتی، سیاسەتی چەپکە گوڵی پەیڕەو دەکرد.

تا ئێستا بە نهێنی و ئاشکرا چەندین وەفدی کۆماری ئیسلامی سەردانی شاری سلێمانی و مەکتەبی سیاسیی یەکیەتییان کردووە و بە ئاشکرا باسی کێشەکانی ناو ئەو حیزبەیان کردووە.

ساڵی ٢٠٠٦ بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی سەرکردایەتی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕێبەرایەتیی نەوشیروان مستەفا، جیابوونەوەی خۆیان ڕاگەیاند. ناوبراو دەستەی دامەزرێنەری یەکیەتیی لە ساڵی ١٩٧٥ی زایینی بووە.

بەڕای چاوەدێران، ڕوودانی جیابوونەوە لە ناو ڕیزەکانی یەکیەتیی نیشتمانی لە هەموو کات بەهێزترە و لە ئەگەری ئەو ڕووداوەشدا، بزاڤی ڕزگاریخوازیی باشووری کوردستان تووشی قەیرانی سیاسی دەبێ و زەربەیەکی گەورەیە لەو حیزبە و لە پرۆسەی سیاسی لە کوردستان.

هەروەها، حیزبێک کە خاوەنی زیاتر لە ١٧ هەزار شەهید، دەیان هەزار ئەندام و ٥٠ هەزار پێسمەرگە بێ، جیابوونەوەکە تەنیا خەسار بەو حیزبە ناگەیەنێ و بە هۆی هەندێ تایبەتمەندیی سیاسی، جۆغرافیایی و نیزام،ی زەرەری بۆ زۆر لایەن دەبێ و ئەگەری دەستێوەردانی دەرەکی لە ڕووداوەکانی کوردستاندا زۆرتر دەکا.