کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی کەمیی ئاو لە کوردستان/ ١٨٤ گوندی بیجاڕ لەگەڵ کێشەی بێ‌ئاوی بەرەوڕوون

15:55 - 13 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: پارێزگای سـنە سەرەڕای ئەوەی کە لەباری سەرچاوەکانی ئاوی ژێرزەوی دەوڵەمەندە، بەڵام دانیشتوانی گوندەکانی ئەو پارێزگایە لە نەبوونی ئاو وەزاڵەهاتوون و هەنووکە زیاتر لە ٦٠٠ گوندی پارێزگای سـنە لەگەڵ کێشەی کەم ئاوی بەرەوڕوون.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، کێشەی ئاوی خواردنەوە لە زۆربەی ناوچە کوردنشینەکان بووەتە هۆی ئەوەی که دانیشتوانی گوندەکان بەرەو شارەکان کۆچ بکەن.

بەپشت بەستن بە ئامارە فەرمییەکان کە بڵاو بوونەتەوە، دانیشتوانی ٢٧١ گوندی پارێزگای کرماشان، ٦٠٠ گوندی سـنە و ٣٠٧ گوندی ورمێ لەگەڵ کێشەی نەبوونی ئاو بەرەوڕوون.

لە پارێزگای ورمێ سەرەڕای کەمیی ئاوی خواردنەوە لە ٣٠٧ گوند، له ١٩٩ گوندی دیکەش ئاوی خواردنەوە جیرەبەندی کراوە.

بەپێی نوێترین ئامارە بڵاوکراوەکان، دانیشتوانی ١٨٤ گوندی بیجاڕ لە گەڵ کێشەی کەم ئاوی بەرەوڕوون.

بەرپرسانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران سەرەڕای پشتراستکردنەوەی کیشەی کەم ئاوی و نەبوونی ئاو لە گوندەکان، هیچ هەوڵێک بۆچارەسەریی ئەو کێشەیە نادەن.

کەمیی ئاو لە گوندەکان بۆتە هۆکاری دابەزینی بەرهەمه کشت‌وکاڵییەکان وهەروەها بەرزبوونەوەی کۆچبەری گوندنشینان بۆ شارەکان.

کەم بوونەوەی حەشیمەتی گوندەکان، نەمانی هێزی چالاک و توانا لە گوندەکان، تێکچوونی پێکهاتەی حەشیمەتی گوندەکان، گۆڕانی توێژی گوندەکان، لەناوچوونی کشتوکاڵ و گۆڕانی سروشتی گوندەکان لە ئەنجامەکانی کۆچبەریی گوندنشینان بۆ شارەکان هەژمار دەکرێن.