کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لاوانی هەر چوار بەشی کوردستان روونکردنەوەیەکیان لەپێوەندیی بەشداری نەکردنیان لەکۆنفرانسی شاری عاموودا، بڵاو کردەوە

21:22 - 6 خاکەلێوه 2713

کوردستان میدیا: نوێنەری ٤٦ رێکخراوی لاوانی هەر چوار بەشی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسێکدا هۆکاری بەشداری نەکردنیان لە کۆنفرانسی لاوان لە شاری عاموودای سووریەدا، بۆ رای گشتیی روون کردەوە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٥ی خاکەلێوە کۆبوونەوەیەک لەلایەن رێکخراوەکانی لاوان لە هەرچوار بەشی کوردستان لە شاری هەولێر بە مەبەستی تاوتوێ‌کردن و هۆکاری بەشداری نەکردنیان لە کۆنفرانسی لاوانی هەر چوار پارچەی کوردستان لە شاری عاموودا، بەڕێوەچوو.
لەو بارەیەوە فواد خاکی‌بەیگی سکرتێری یەکیەتیی لاوانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و یەکێک لە ئەندامانی لیژنەی کۆنفرانسی لاوانی هەرچوار پارچەی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای راگەیاند، لەو کۆبوونەوەیەدا نوێنەری ٤٦ رێکخراوی تایبەت بە لاوان لە هەرچوار پارچەی کوردستان بەشداربوون و هەر کام لە بەشدارن را و بۆچوونی خۆیان سەبارەت بە ناڕەوا بوونی ئەو کۆنفرانسە کە بڕیارە لە عاموودا بەڕێوە بچێت دەربری.
خاکی‌بەیگی وتیشی: لەو کۆبوونەوەیەدا زۆرینەی لیژنەی بەڕێوەبەری کۆنفرانسی دووهەمی لاوان راسپێردرا بۆ بەڕێوەبردنی کۆنفرانسی سێهەم لە کەمپی دۆمیز لە پارێزگای دهۆک.
سکرتێری یەکیەتیی لاوانی دێمۆکرات ئەوەشی خستە روو، بەهۆی ئەوەی کە باری ئەمنی لە سووریە جێگیر نییە، هەر بۆیە بڕیاریان دا کە کۆنفرانسی سێهەم لەوێ‌بەڕێوە نەچێت و ئاشکراشی کرد، ئەو بەناو کۆنفرانسە راوبۆچونی سەرجەم بیر و ئەندێشە جیاوازەکانی هەرچوارپارچەی کوردستان نییە هەر بۆیە زۆرینەی رێکخراوەکانی لاوان ئەو کۆنفرانسەیان بایکوت کرد.
نوێنەرانی ٤٦ رێکخراوی لاوانی هەر چوار پارچە دوای کۆبوونەوەکەیان راگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتبوو، کۆنفرانسی عاموودا بە تەنیا لە لایەن لاوانی (پەیەدە و بەدەپەوە) بەرنامەڕێژیی بۆ کراوە و زۆربەی رێکخراوەکانی لاوانی کوردستان لەبیر کراون.
لەلایەکی دیکەوە پرێس کۆنفرانسێکیش لەو پێوەندییەدا بەڕێوەچوو کە ئەو خاڵانەی خوارەوەی لەخۆ گرتبوو:
ــ ئەو کۆنفرانسەی لە شاری عاموودا بەرێوە دەچێت بە کۆنفراسی سێهەم نازانین و رەوایی نییە لەبەر ئەوەی لە دروشمی کۆنفرانسی دووهەمدا کە لەپێناو یەکگوتاریی لاوانی کورد بوو لای داوە و سەرجەم رێکخراوەکانی لاوانی کوردستان تێیدا بەشدار نین.
ــ لەهەر چوار بەشی کوردستان لیژنەیەکی ٨کەسی (هەرپارچەیەک ٢ نوێنەر) راسپێدران بۆ ئامادەکاری بۆ بەرێوەبردنی کۆنفرانسی سێهەم.
ــ بڕیار درا کۆنفرانسی سێهەم لە کەمپی دۆمیز، شوێنی نیشتەجێ بوونی نیزیک بە ٧٠ هەزار کەسی ئاوارەی رۆژئاوای کوردستان لە مانگی ئاوریلی ساڵی ٢٠١٣ی زایینی بەڕێوە بچێت.