کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێپرسراوی خوێندنگەیەکی ئاوایی \"دزەی دۆڵ\" داوای پارەی لە قوتابییان کردووە

20:00 - 28 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: بەرپرسی خوێندنگەیەک لە ئاوایی دزەی دۆڵی سەربە ورمێ،‌ داوای لە قوتابییان کردووە کە پێویستە بە مەبەستی دابین کردنی سووتەمەنی پارە بەو بەرپرسە بدەن.
بەپێی هەواڵی ماڵپەری کوردستان میدیا، ئەو بەرپرسە بە قوتابییانی راگەیاندووە، دەبێ‌ هەر کامیان بڕی ٣٠ هەتا ٤٠ هەزار تمەن بە مەبەستی دابین کردنی سووتەمەنی بدەن.
ئەو قوتابخانەیە تەنیا شوێنێکە لەو ناوچەیە کە قوتابییانی زیاتر لە ٢٠ ئاوایی وەکوو، دەربەند، نەناس، نازناز، گولبەر، بارستان، نەسرئاباد، ژاراوێ‌ و بەردە کەشکی لەخۆ گرتووە.
پێشتریش لە شارۆچکەی دەزێ‌ مەرگەوەڕی سەربە شاری ورمێ، ‌لەلایەن لێپرسراوانی خوێندنگەی خەییام بۆ دابین کردنی سووتەمەنی بۆ گەرم کردنی پۆلەکان داوای پارە لە قوتابییان کرابوو.
بەو قوتابییانە راگەیەندرابوو کە دەبێ‌ هەر قوتابییەک بڕی ١٠ هەتا ١٥ هەزار تمەن پارە بدات.
ماوەیەک لەمەوبەریش ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری بۆکان بە ناردنی بەخشنامەیەک بۆ هەموو قوتابخانەکانی ئەو شارە، داوای کردبوو، بۆ خەرجی قوتابخانەکان لە هەر قوتابییەک بڕی ٥٠ هەتا ١٠٠ هەزار تمەن پارە وەربگیردرێ.
هەر لەو پێوەندییەدا لە قوتابخانەکانی میرئاوا و گوندی داشبەندی سەربە شاری بۆکان بەهۆی زەخت و گوشارهێنان بۆ قوتابیان بە مەبەستی دانی ئەو پارەیە، چەند قوتابییەک حازر بە دانی پارە نەبوون و لە قوتابخانەکە دەرکراون.
لەلایەکی دیکەوە بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەربە شاری مەریوان چەندین شوێنی ئەو شارەیان خستبووە ژێر چاوەدێرییەوە و هێزێکی زۆر لە شوێنانە جێگیر کرابوون.
گەڕەکی مووسک و دارسەیرانی ١ و ٢ ئەو شوێنانە بوون کە بە شێوەی توند لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە خرابووە ژێر چاوەدێرییەوە.