کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە حەڵەب دوو میلیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس ئاوارە بوون

23:25 - 17 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: لە شاری حەڵەب لە کوردستانی رۆژئاوا، ٢٦ هەزار کەس کوژراون و دوو میلیۆن و ٥٠٠ هەزار کەسیش ماڵی خۆیان جێ هێشتووە.
فەرماندەی ئەرتەشی ئازادی سووریە لە حەڵەب لە وتووێژێکدا رایگەیاند، لە دەسپێکی شەڕ و نائارامییەکانی سووریەدا ٢٦ هەزار کەس کوژراون و زیاتر لە دوو میلیۆن ٥٠٠ هەزار کەسیش ماڵیان جێ هێشتووە.

هەروەها رایگەیاندووە ٤٠٠ هەزار منداڵی خوێندەوار پێش هێرشی رێژیم لەو هەرێمەدا بوونیان هەبووە کە دواتر پاش ئەوەی کە هێزەکانی رێژیمی بەشار ئەسەد هێرشیان دەکردە سەر قوتابخانەکان، ئێستا ژمارەی ئەو منداڵە خوێندەوارانە گەیشتۆتە ٣٠ هەزار کەس.

لەلایەکی دیکەی ئەو رایگەیاندنەدا هاتووە، شاری حەڵەب وەک یەکێک لە شارە مێژوویی و دێرینەکان دێتە ئەژمار و داوا لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە کە ئەو شارە بپارێزن.

شاری حەڵەب یەکێک لە کۆنترین شارەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و دوای شاری دیمەشق دووهەمین شاری گەورەی سووریەیە کە لە کوردستانی رۆژئاوادا هەڵکەوتووە و بە شارێکی پایەتەختی بازرگانی و فەرهەنگی دەناسرێت.