کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە دوو حەفتەی رابردوودا دانووستانی ناوکیی رێژیمی ئێران و گرووپی ١+٥ هیچ ئەنجامێکی نەبووە

23:07 - 25 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: پاش دوو حەفتە شەشەمین خولی دانووستانەکانی رێژیمی ئێران و شەش زلهیزی جیهانی لە شاری ڤییەن پایتەختی وڵاتی ئوتریش بێ ئەنجام بووە.
بەپێی راپۆرتەکان ئەو دانووستانانە هەتا ٢٠ی ژوولای بەردەوام دەبێت، ئەمە لە کاتێک دایە کەلە دوو حەفتەی رابردوودا شاندە دانووستانکارەکانی رێژیمی ئێران و گرووپی ١+٥ لەسەر هیچ شتێک رێک نەکەوتوون.

جان کێری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پرێس کۆنفڕانسێکدا رۆژی سێشەممە لە ڤییەن وتی: \'\'ئێران دەبێ پابەند بەو بەڵێنانە بێت کە وەزیری دەرەوەی ئێران داویەتی و بۆ ئەمەش ئەمریکا و پێویستیی بە زەمانەتی جیهانییە، نەک تەنیا بە قسە بڵێن ئێران لە دووی چەکی ئەتۆمی نییە و بەرنامەکەی ئاشتیخوازانەیە\'\'.

کیری وتیشی: وردە پێشکەوتنێکی بنەڕەتی لە وتووێژەکاندا رووی داوە، بەڵام هێشا مەودایەکی دوور و درێژ لەگەڵ باسە بنەڕەتییەکان بوونی هەیە، ئەوەی ئێمە دەمانهەوێ جێبەجێی بکەین هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی رێگاچارەیەکە هەتا ئێران تەنیا بەرنامەی ناوکیی ئاشتیخوازانەی هەبێ و ئێرانیش دەبێ جیهان دڵنیا بکاتەوە کە لەدووی چەکی ئەتۆمیدا نییە.

نیۆیۆرک تایمز لە زاری محەممەد جەواد زەریف وەزیری کاروباری دەرەوەی رێژیمی ئێران بڵاوی کردەوە: دەشێ ئێران بەرنامەی پیتاندن بۆ سێ هەتا حەوت ساڵ رابگرێ، بەڵام لە وەها حاڵەتێکدا جیهان دەبێ وەکوو وڵاتێکی خاوەنی بەرنامەی ناوکیی ئاشتیخوازانە مامەڵە لەگەڵ ئێران بکات.

زەریف هەروەها راشیگەیاندووە کە لەوانەیە پێویستی بە دووپاتکردنەوەی رێککەوتنی شەش مانگە بێت.

ژمارەی سانترفیووژەکان و گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێران هۆکاری سەرەکیی سەرنەکەوتنی دانووستانەکانی گرووپی ١+٥ و رێژیمی ئێران لەم دوو حەفتەیەدا راگەیەنراوە.