کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە دیدار لەگەڵ ئەردۆغاندا، جێگری یەكەمی سەركۆماری ڕێژیم بە نزمی وەرگیرا

15:49 - 23 سەرماوەز 2715

كوردستان میدیا: بڵاوبوونەوەی وێنەكانی چاوپێكەوتنی نێوان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەركۆماری توركیە و ئیسحاق جەهانگیری جێگری یەكەمی ئاخوند حەسن ڕووحانی، ڕق و تووڕەیی ڕاگەیەنەكانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی لێ‏كەوتەوە.

لەو وێنانەدا وا دەردەكەوێت كە جێگری یەكەمی سەركۆماری ڕێژیم، بە شێوەیەكی تەژی لە سووكایەتی، لە سەر كورسییەكی ئاسایی دانراوە و لە پشتەوەی ناوبراویشدا، ئاڵای ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی دانەنراوە، لە حاڵێكدا كە ئەردۆغان لە سەر كورسییەكی جوان دانیشتووە و لە پشتەوەی ناوبراو و جەهانگیری‏دا، ئاڵایەكی گەورەی توركیە دەبینرێت.

ماڵپەڕی حكوومەتیی ئەلف لە ڕاپۆرتێكدا بەم بۆنەیەوە نووسیویە: لەو وێنانەدا كە لەم چاوپێكەوتنە بڵاو كراونەتەوە، بەداخەوە كۆمەڵێك سووكایەتی لە لایەن ئەردۆغانەوە بەرانبەر بە جێگری یەكەمی ڕووحانی دەبینین. بۆ نموونە، نەبوونی ئاڵای كۆماری ئیسلامی، جیاوازیی كورسییەكان، جیاوازیی شێوازی دانیشتنەكە و تەنانەت حاڵەتی دەموچاوی دوو لایەن.

هەواڵدەریی حكوومەتیی فارسیش لەو پێوەندییەدا، وێڕای دەربڕینی بەداخبوونی خۆی لەوەی كە پێی دەڵێ سووكایەتییەكانی توركیە، نیگەرانیی خۆی لە نەبوونی وەڵامی توندی ڕێژیم بەرانبەر بە لێدوانەكانی ئەم دواییانەی كاربەدەستانی توركیە دەربڕیوە كە باس لە بوونی بەڵگەنامەی دەنگی لەسەر درۆزن بوونی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران دەكەن.

ئەو چاوپێكەوتنە لە پەراوێزی كۆنفرانسی سیاسەتی بێلایەنیی هاوكاریی نێوەنەتەوەیی بۆ ئاشتی، ئەمنیەت و پەرەپێدان لە توركمەنستان و لە هۆتێلێكدا بەڕیوە چووە كە شاندی دوو لایەنی توركیە و كۆماری ئیسلامی تێیدا نیشتەجێ بوون.