کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە دیداری نوێنەری حیزبدا/ ئەحمەد شەهید: من لە ئازار و مەینەتەکانی نەتەوەی کورد تێ دەگەم

16:19 - 8 جۆزەردان 2714

کوردستان میدیا: ئەحمەد شەهید لە دیدارێکدا لەگەڵ شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوێد وتی، لە ئێش و ئازاری نەتەوەی کورد و هەموو نەتەوەکانی ئێران تێ دەگەم.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی \'\'حەمید تەیمووری\'\' نوێنەری حیزب لە وڵاتی سوێد، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٧ی جۆزەردانی ١٣٩٣ی هەتاوی چاوپێکەوتنی لەگەڵ \'\'ئەحمەد شەهید\'\' نوێنەری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران لە شاری ستۆکهۆڵم پێکهێنا.

لە سەرەتای ئەو دانیشتنەدا شاندی پێوەندییەکانی حیزب لەسەر راپۆرتەکەی ئەحمەد شەهید لەسەر مافی مرۆڤ، زیندانییانی سیاسی، ئیعدام و پرسی نەتەوەکانی ئێران و مەزهەبە جۆراوجۆرەکان چەند تێبینییەکی خستە ڕوو.

زەبر و زەنگ و سەرکوتی نەتەوەکانی ئێران و نەتەوەی کورد لە ماوەی دەسەڵاتی رێژیمی ئیسلامیی ئێران و بەتایبەت پاش هاتنە سەرکاری رۆحانی، پێشێلکارییەکانی مافی مرڤ لە بوارەکانی ئازادیی رادەربڕین و دێموکراسی، چارەسەیی پرسی نەتەوەکانی ئێران و بەلاڕێدابردنی ئەو پرسە لەلایەن رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە، تەوەرگەلێک بوون لەو چاوپێکەوتنەدا باسیان لێ کرا.

زیادبوونی رێژەی ئیعدامەکان لە ئێران، نەبوونی چالاکیی ئازادانەی رێکخراوە مەدەنییەکان، هێرشەکانی رێژیم بۆسەر چالاکانی سیاسیی کورد و ئەشکەنجەدان و زیندانی کردنیان، رووکردنی لاوان و دەرچوانی زانینگەکان بەهۆی بێکارییەوە لە کاری مەترسیداری کۆڵبەری و کوژرانی کۆڵبەرانی بێ دیفاع و بێ تاوان، کۆمەڵە بابەتێکی دیکە بوون لەو دیدارەدا وروژێنران.

کێشەی ماددە هۆشبەرەکان و بڵاوکردنەوە ئەو ماددە مەترسیدارانە لەلایەن دەست و پێوەندییەکانی سپای پاسدارانەوە لەمەڕ پاسیڤ بوونی لاوان و کۆمەڵەکان و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگا، بەشێکی دیکەی قسەکانی ئەندامانی شاندی حیزبی لەو دیدارەدا پێکهێابوو.

ئەحمەد شەهید وێڕای ئاماژە بە هەندێک لەو کەموکۆرییانە کە لەسەرە رێگای دان بۆ نووسینی راپۆرتەکانی، وتی: من لە ئێش و ئازارەکانی نەتەوەی کورد و هەموو نەتەوەکانی ئێران تێدەگەم و دەزانم کە هەنووکە دۆخی ژیان لە ئێران لەوپەڕی نەهامەتی دایە.

لە کۆتایی ئەو دیدارەدا شاندی پێوەندییەکانی حیزب لیستەیەکی نوێی لە زیندانییانی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئیعدام، رادەستی ئەحمەد شەهید کرد.