کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە سنووری \"رازی\"ی سەربە شارستانی خۆی، ١٣٢ هاووڵاتی دەستبەسەر کران

15:17 - 7 گەلاوێژ 2713

کوردستان میدیا: لە ماوەی یەک هەفتەی رابردوودا، وێڕای زەوت کردنی زیاتر لە ٤٠ هەزار لیتر سووتەمەنی لە سنووری رزایی سەربە شارستانی خۆی لە پارێزگای ئورمیه، ١٣٢ هاووڵاتیش دەسبەسەر کراون.
هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران جێگیر لە سنوورەکانی پارێزگای ئورمیه، لە سنووری فەرمیی رازی لە یەک هەفتەی رابردوودا سەرەڕای دەستبەسەر کردنی ١٣٢ هاووڵاتی، ٤٠ هەزار و ٣٠٠ لیتر سووتەمەنی و ١١٧ ماشینیان زەوت کردووە.

سنووری رازی، سێهەمین سنووری فەرمیی نێوان ئێران و تورکیه لە پارێزگای ئورمیە دایە و لە ٧٠ کیلۆمیتریی شارستانی خۆی هەڵکەوتووە.

نەبوونی داهات، بێکاری، نەبوونی دەرفەتی دامەزراندن و گرانی و نالەبار بوونی بارودخی ئابووریی هاووڵاتییان لە ئێران و بەتایبەت لە کوردستاندا، هۆکارگەلێکن کە بە ناچار خەڵک بەرەو سنوورەکان رادەکێشێت و هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران سەرەڕای ئیزن و مۆڵەتی کار کردنی هاووڵاتییان لە سنوورە فەرمییەکاندا، هێرشیان دەکەنە سەر و لە ئەنجامدا دەکوژرێن یان بریندار و دەستبەسەر دەکرێن.
هێزەکانی رێژیمی ئێران بە کوشتن و بریندار کردنی هاوڵاتییانی کورد لەسەر سنوورەکاندا رازی نابن و لە زۆربەی حاڵەتەکانیشدا ئەو ئەسپانەی کە باریان پێ هەڵدەگرن، دەکوژن و کەلوپەلەکانیشیان زەوت دەکەن.
بەزاندنی سنوورەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستانی عێراق لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لەمەڕ راوەدوونانی کاسبکاران و کۆڵبەرانی کورد، یەکێکی دیکەی لەو پێشلکارییانەیە کە لەلایەن ئەو رێژیمەوە ئەنجام دادەرێ.
هەر لە هەفتەی رابردوودا هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران جێگیر لە ناوچەی هەورامان، سنووری هەرێمی کوردستانیان بەزاند و بە مەبەستی تەقە کردن و کوشتنی کاسبکاران چوونە ناو خاکی ئەو وڵاتەوە.