کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە مانگی پووشپەڕدا ٢٦ هاووڵاتی کورد لە ناوچەکانی کوردستانی ئێران‌ دەسبەسەرکراون

03:18 - 3 گەلاوێژ 2713

کوردستان میدیا: لەمانگی پوشپەڕی ئەم ساڵدا ، ٢٦ هاووڵاتی کورد لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستانی ئێران و بە تۆمەتی جیاواز لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی رێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.
بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا و بە پێی ئاماری تۆمارکراو لەم ماڵپەڕە ، لەماوەی مانگی پوشپەڕی ساڵی ١٣٩٢، لە ئوستانی کرماشان ٦ کەس، ئوستانی ورمێ ١٨ کەس و لەئوستانی کوردستان ٢ کەس بە تۆمەتی جۆار و جۆری وەکوو ئەندام بوون لە حیزبە کوردیەکان، چالاکیی مەدەنی و ئەمنیەتی دەستگیرکراون.

بۆکان

لە رێکەوتی ٢ی پووشپەڕدا هێزە ئیتلاعاتییەکانی رێژیم ٥ هاووڵاتیی کوردیان بە ناوەکانی \'\'ئەسعەد جمیانی\'\'، \'\'لوقمان سەعیدی\'\'، \'\'سلێمان ئیمام‌زە‌نبیلی\'\'، \'\'خوسرەو ساڵحی\'\' و \'\'محەممەد رەسوڵ‌زادە\'\' خەڵکی بۆکان و لە ئەندامانی شۆرای ئەو شارە بە هۆکاری نادیار دستگیر کردووە.
ئەو هاووڵاتیانە دوای چەند رۆژ بە دانانی وەسیقە ئازاد کراون.
هەر لەم پەیوەندییەدا رۆژێک دواتر، ٣ هاووڵاتیی دیکەی کورد بەناوەکانی \'\'رەسووڵ چووپانی\'\'، \'\'ناسر رەزایی\'\' و \'\'فەرهاد کاملی\'\' لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری بۆکانەوە دەست بەسەرکران.

لە دڕیژەی رەوتی دەست بەسەرکردنەکانی ئەندامانی شۆرای شاری بۆکان رۆژی دووشەممەی ١٧ی پووشپەڕ، خاتوو \'\'شەهین بایزیدپوور\'\' ئەندامی خولی دووەمی شۆرای شاری بۆکان، لەلایەن هێزەکانی سەر بە رێژیمەوە لە شاری بۆکان دەستبەسەرکرا.

\'\'شەهین بایزیدپوور\'\' یەکێک لە دامەزرێنەرانی رێکخراوی کەم ئەندامان ( معلولین)ی شاری بۆکانە و لەم بوارەدا چالاکی زۆری ئەنجامداوە.

لە هۆکاری دەست بەسەرکرانی \'\'شەهین بایزیدپوور\'\' هیچ زانیاریەک لە بەردەستدا نیە.

سەردەشت

لە درێژەی دەستبەسەرکردنەکاندا، لە ئوستانی ورمێ و لە شارستانی سەردەشت، رێکەوتی ١٥ی پووشپەڕ هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەو شارە بە ناوی قادر زارعی تەمەن ٢٨ ساڵ، دوای گەڕانەوەی لە هەرێمی کوردستان بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ یەکێک لە حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی رێژیمی ئیران دەستبەسەر کرا.

لەلایەکی دیکەوە رۆژی هەینی رێکەوتی ٢٨ی پووشپەڕ، ٤ هاووڵاتی‌تری کوردی سەردەشت دەسبەسەرکران. دوو کەس لەدەسبەسەر کراوەکان تۆمەتی تێکدانی ئەمنییەت و ئاسایشیان دراوەتە پاڵ و ئەو دوو کەسەکەی تریش کاسبکارن و بە برینداری دەستگیر کراون.
عەلی و ئەبووبەکر مەولانیا بە تۆمەتی ئەمنیەتی و جەمشید\'\' و هەژار کاسبکار، لە کاتێکدا کە هێزەکانی رێژیم تەقەیان لێ کردبوون دەستبەسەر کرابوون.
ورمێ

٨ی پووشپەڕی ئەم ساڵ یەکێک لە هاووڵاتیانی خەڵکی ورمێ بە ناویقاسم موراد پەرەست لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمەوە بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری رێژیم دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزراوە.
هەر لەو پێوەندییەدا هاووڵاتییەکی دیکەی کورد بەناوی فەردین مێهراب خەڵکی ئاوایی شەیتان ئاوای سەر بە ورمێ دەستبەسەرکرا.

\'\'مێهراب خۆی بۆ شۆرای گوندی شەیتان ئاوا لە ناوچەیدۆڵ پاڵاوتبوو و دوای دەنگ هێنانەوەی، لەلایەن هێزەکانی رێژیم لەورمێ دەستگیر کرا.

بە وتەی شایەتحاڵان،فەردین مێهراب بە هۆی ئەوەی کە کورد بووە و لە بەرانبەر کاندیدایەکی تری ئازەری بەناوی حەیدەر عەلیدا دەنگی هێناوەتەوە بە هاوکاریی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن تۆمەت بار کراوە.
مەهاباد

شەوی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢ی پووشپەڕ، کۆڵبەرێکی کورد بەناوی موعتەسەم مام‌گوڵی خەڵکی مەهاباد دەستبەسەر کرا.

ئەو کۆڵبەرە کوردە، لە خاڵە سنوورییەکانی شاری شنۆ لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمەوە تەقەی لێکراو و دواتریش دەستبەسەرکراوە.
سەڵماس

سەرەتاکانی مانگی پوشپەڕ،هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی هادی قزڵباش\'\' تەمەن ٣٦ ساڵ، کوڕی حەسەن، لە حەسەن ئاوای سەر بە سەڵماس دەستبەسەر کرا.
ئەو هاووڵاتییە بە تۆمەتی ئەمنیەتی و هاوکاری لە گەڵ حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی دژبەری رێژیم لەلایەن هێزە ئەمنیەتیەکانەوە دەستبەسەر کراوە.
سنە

لە درێژەی رەوتی دەستبەسەر کردنەکاندا لە ١٥ی پووشپەڕدا ، هاووڵاتییەکی بەهایی کورد بە ناوی سەمیم زراعی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتیەکانی رێژیمەوە لە سنە دەستگیر کرا.
مەریوان

لە مەریوان رێکەوتی ٢ی پووشپەڕ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی ئیبراهیم نیکپی دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزرا.

هێزە ئەمنیەتیەکان دوای دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە ماڵەکەیان پشکنیوە و هێندێک لە کەلوپەلی تایبەتی ئەو هاوڵاتییەیان لەگەڵ خۆیان بردووە.
سونقور

رێکەوتی ٦ی پووشپەڕ ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیم لە سونقور ٤ هاووڵاتیی ئەو شارەیان بە ناوەکانی عەلی‌حەسەن شمایلی، غوڵام‌رەزا وەکیلی، جەبار حاجی‌مورادی و کیومەرس واعزی بانگێشت کردووە.

عەلی حەسەن شمایلی پێشتریش لە ساڵی ٨٨ دا جارێک دەستگیر کراوە.
کرماشان

لە درێژەی دەست بەسەرکردنەکاندا و لە کرماشان، رۆژی هەینی ٢١ی پوشپەڕ، هاووڵاتییەکی یارسانی دانیشتووی زەنجان بەناوی محەممەد قەبووڵی دوای خوێندنەوەی وتار لە مەراسمی چلەی ماتەمینی نیکمەرد تاهیری لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی رێژیمی ئێرانەوە دەستگیر کرا و بۆ گرتنگەی ئەو ناوەندە ئەمنیەتییە راگوێزرا.
لە دوای دەستگیرکردنی ئەم هاووڵاتیە یارسانیە، ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتیانی کوردی یارسانی شاری سەحنە لە بەر دەم ئیدارەی ئیتلاعات و فەرماندرای ئەو شارە بە نیشانەی ناڕەزایەتی کۆبوونەوە.
هەر لەو پێوەندییەدا لە فڕۆکەخانەی شاری کرماشان لە سەرەتاکانی مانگی پوشپەڕدا هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی گیتا رەزایی خەڵکی کرماشان و کارناسی نەرم ئەفزار، لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

ئەم راپۆرتە بە پێی ئاماری تۆمارکراو لەماڵپەڕی کوردستان میدیا بڵاوبۆتەوە و ئەگەری ئەوە هەیە ژمارەی دەستبەسەرکراوەکان لەمەش زیاتر بێت.