کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە مانگێکدا ١٨هاووڵاتیی کورد دەسبەسەر کراون

15:46 - 2 بانەمەڕ 2714

کوردستان میدیا: لە ماوەی یەک مانگی رابردوودا، ١٨ هاووڵاتیی کورد لە کوردستانی ئێران و ناوچە کوردنشینەکانی ئێراندا دەسبەسەر کراون.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، لە مانگی خاکەلێوەی ١٣٩٣ی هەتاویدا ١٨ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئیتلاعاتی و ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە شارەکانی کوردستاندا دەسبەسەر کراون.
٧ کەس لەو ١٨ هاووڵاتییە بە تۆمەتی ئەنجامدانی چالاکیی مەزهەبی لە بۆکان و مەهاباد دەسبەسەر کراون کەلە شوێنی راگیرانیان هیچ زانیارییەک بڵاو نەکراوەتەوە.
تۆمەتی ١١ هاووڵاتیی دیکەش ناڕوونە، بەڵام وێدەچی تۆمەتی ئەمنیەتی بدرێتە پاڵ ئەو هاووڵاتییانە، چونکە زۆربەیان لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمەوە لە شارەکانی، سنه، سەقز، سەوڵاوا، مەهاباد، روانسەر و قووچان دەسبەسەر کراون.
شێوازی دەسبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییانە بە شێوەی نایاسایی بووە و هێزە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتییەکانی رێژیم لە زۆربەی حاڵەتەکاندا بە بێ ئاگاداری و بێ مۆڵەتی یاسایی رژاونەتە نێو ماڵی ئەو هاووڵاتییانە و وێڕای بێ‌حورمەتی پێ کردن، کەلوپەلی شەخسیی ئەو هاووڵاتییانەشیان زەوت کردووە.
ئەم ئامارانە رێژەیی‌یە و بەهۆی نەبوونی میدیایەکی سەربەخۆی تایبەت بە مافی مرۆڤ لە نێوخۆی ئێران، دەشێ ئاماری راستەقینە لەوە زیاتر بێت.