کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ماوەی ١١ ساڵدا ٢٧٠ هەزار کەس لە ئێران بەهۆی رووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەست داوە

19:03 - 7 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: بەهۆی رووداوی هاوتوچۆ لە ساڵی ١٣٨٠ هەتاوییەوە هەتا ئێستا، زیاتر لە ٢٧٠ هەزار هاووڵاتی لە ئێران بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە گیانیان لەدەست داوە.
رێکخراوی پزیشکی یاسایی رێژیمی ئێران بڵاوی کردەوە، بەگوێرەی ئامارەکان رێژەی رووداوی هاتوچۆ لە زۆربەی ساڵەکاندا هەڵکشانی بە خۆوە بینیوە و لە ٨ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە ١٤ هەزار کەس بەهۆی رووداوی هاتوچۆ لە ئێراندا کوژراون.
لە کۆی گشتی ئەو رێژەیە، ١١ هەزار و ٧٤ کەسیان پیاو و ٣ هەزار ٥٢ کەسی دیکەشیان ژن بوون.
لە ماوەی وێکچووی ساڵی رابردوودا رێژەی کوژراوان بەهۆی رووداوی هاتوچۆ ١٤ هەزار و ٩٩٦ کەس راگەیەنراوە.
پارێزگای تاران زیاترین رێژەی کوژراوی لەسەرجەم پارێزگاکانی ئێراندا هەیه.
لەم ١١ ساڵەدا، له ساڵی ١٣٨٤ بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە ٢٧ هەزار و ٧٥٩ کەس گیانیان لە دەست داوە کەلە هەموو ساڵێکدا ئەو رێژەیە زیاتر بووە.
ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە ئاماری کوژران بەهۆی رووداوی هاتوچۆ تێێدا لە ئاستێکی بەرز دایه.
هەروەها لە ١٠ ساڵی رابردوودا زیاتر لە ٢ میلیۆن و ٢٢٠ هەزار کەس بەهۆی رووداوی هاتوچۆ بریندار بوون.
بەوتەی رێکخراوی پزیشکی یاسایی رێژیمی ئێران، رووداوی هاتوچۆ دووهەمین هۆکاری مردن لە ئێران دێتە ئەژمار و نەخۆشیی دڵ و دەمارەکان یەکەمین هۆکاری مردن لە ئێران دان.
رووداوی هاتوچۆ لە جیهاندا شەشەمین هۆکاری مەرگ دێتە ئەژمار.
بەوتەی کارناسان قەرەباڵغیی رێگاکان، کەمیی تێگونجانی ( زەرفیەت) گەورە رێکان، ناستاندارد بوونی جادەکان، کەمیی خزمەتگوزاریی ئیمەنی و نەبوونی فەرهەنگی شۆفیری لە هۆکارە سەرەکییەکانی رووداوی هاتوچۆ لە ئێران دان.