کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە واشینگتۆن جێژنی ٢٦ی سەرماوەز بەڕێوەچوو

15:19 - 27 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: رۆژی ٢٦ی سەرماوەز، رۆژی پێشمەرگەی کوردستان، لە شاری واشینگتۆن لە وڵاتی ئەمریکا بەڕێوەچوو.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی٢٦ی سەرماوەز، کۆمیتەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان لە ئەمریکا، بە بۆنەی رۆژی پێشمەرگەی کوردستان، جێژنێکی بە بەشداری ئەندامان ‌و لایەنگرانی حیزب‌ و دەیان کەس لە کوردستانیانی نیشتەجێی دەڤەری واشینگتۆن، بەڕێوە برد.
رێوڕەسمەکە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتیی ئەی رەقیب ‌و راگرتنی خولەکێک بێ‌دەنگی بۆ رێز گرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی رێگای ئازادیی کورد و کوردستان، دەستی پێ کرد.
پاشان عوسمان ئەندامی کۆمیتەی حیزب لە ئەمریکا، وێڕای خوێندنەوەی چەند پارچە شێعر و هۆنراوە سەبارەت بەم رۆژە مێژووییە، ریزبەندی بڕگە و بابەتەکانی رێوڕەسمەکەی خوێندەوە.
پاشان شێرکۆ بەرپرسی تەشکیلاتی حیزب لە ئەمریکا، وتاری کۆمیتەی حیزبی دێمۆکراتی بە بۆنەی ٢٦ی سەرماوەز پێشکەش کرد.
دواتر سامی ساڵەیی، بەرپرسی کۆمیتەی یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان لە ئەمریکا و سەلاح بایەزیدی نوێنەری کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە ئەمریکا، بە بۆنەی رۆژی پێشمەرگەی کوردستانەوە پەیامیان پێشکەش کرد.
پەیامی یەکیەتییەکانی لاوان و ژنانی دێموکرات لەلایەن مەحبوبە ئەندامی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی ژنان لە ئەمریکا پێشکەش کرا.
پاشان، بەڕێزان، حوسێن، موحەممەد، حەمە عەلی‌ و مەحبوبە بە خوێندنەوەی شێعر و پەخشان ‌‌و گێڕانەوەی بیرەوەری، یادی پێشمەرگەی کوردستانیان بەرز نرخاند.