کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە وڵاتی نوروێژ رێز لە ٢ی رێبەندان گیرا

13:11 - 13 رێبەندان 2713

کوردستان میدیا: رێوڕەسمی ٢ی رێبەندان لە وڵاتی نوروێژ بە بەشداریی نوێنەرانی هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانی و بیانییەکان بەڕێوەچوو.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، رێکەوتی ١١ی رێبەندانی ١٣٩٢ی هەتاوی بۆ رێزگرتن لە ٦٨ەمین ساڵڤەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە لە وڵاتی نوروێژ بە بەشداریی کوردانی دانیشتووی ئەو وڵاتە بەڕێوەچوو.
سەرەتای رێوڕەسمەکە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوەیی \'\'ئەی رەقیب\'\' و راگرتنی خوکەلێک بێ دەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان دەستی پێ کرد.
دواتر لە یادی ٦٨ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان، ٦٨ مۆم لەلایەن بەشدارانی رێوڕەسمەکەوە هەڵکران.
پاشان پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ــ نوروێژ، لەلایەن \'\'مریەم عەلی‌پوور\'\' بەرپرسی کۆمیتەوە پێشکەش کرا و دوا بە دوا ئەوەش پەیامی کۆمیتە هێزە کوردستانییەکان لەلایەن \'\'ئیبراهیم کۆنەپۆشی\'\'یەوە خوێندرایەوە.
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو رێوڕەسمەدا پەیامی هاوبەشی کۆمیتەی یەکیەتییەکانی ژنان و لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی کولتووریی کورد لەلایەن \'\'قادر عەزیزبەیگی\'\'یەوە خوێندرایەوە.
پاشان ماریت نیباک ئەندام پارلمان و جێگری یەکەمی سەرۆکی پارلمانی نوروێز بە بۆنەی ٦٨ەمین ساڵڤەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان وتارێکی پێشکەش کرد و دواتریش پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە نوروێژ بە زمانی نوروێژی لەلایەن \'\'سۆزان یووسفی\'\'یەوە پێشکەش کرا.
ئەم پارت و لایەنانەی پەیام برووسکەی پیرۆزبایی خۆیان بۆ رێوڕەسمەکە ناردبوو، کە ناوەکانیان بەم شێوەیە:

ــ پارتی دێموکراتی کوردستان

ــ یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان

ــ حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان

ــ سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران

ــ کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

ــ پارتی سەربەستیی رۆهەڵاتی کوردستانی

ــ مزگەوتی پێشەوا

ــ حیزبی سوسیالیستی چەپی نوروێژ
رێوڕەسمەکە بە گۆرانیی هونەرمەندان و شایی و گۆڤەندی بەشداران کۆتایی پێ هات.