کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە پارێزگای سنە رێژەی تەڵاق زیاد و پێکهێنانی ژیانی هاوبەش کەمی کردووە

16:37 - 25 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: حاڵەتەکانی تەڵاق لە پارێزگای سنه هەروا رووی لە زیادبوونە و ناوەندە بڕیاردەرەکانی رێژیمی ئێران هیچ ئاوڕێک لەم پرسە ماڵوێرانکەرە نادەنەوە.
هەواڵدەرییەکانی پارێزگای سنە بە پشت بەستن بە ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی تۆمارکردنی باری کەسیەتی بڵاویان کردووەتەوە، رێژەی تەڵاق لە ساڵی ١٣٩٢ بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.

بەپێی ئەو ئامارانە رێژەی تەڵاق لە پارێزگای سنە لە ساڵی ١٣٩٢ بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشووتری لەسەدا ١٣ زیادبوونی بە خۆیەوە بینیوە و حاڵەتەکانی پێکهێنانی ژیانی هاوبەشیش لەسەدا ١٠ کەمی کردووە.

لەو پێوەندییەدا ئامارەکان باس لە زیادبوونی لەسەدا ٢٤ی حاڵەتەکانی تەڵاق لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی ١٣٩٣ بە بەراورد لەگەڵ ماوەی وێکچووی ساڵی پێشتووتری دەکەن.

بە پشت بەستن بە ئامارەکانی دەفتەری ئامار و زانیارییە حەشیمەتییەکان و کۆچبەریی رێکخراوی تۆمارکردنی باری کەسیەتیی ئێران، لە ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا لە هەر ٥ حاڵەتی پێکهێنانی ژیانی هاوبەشدا حاڵەتێکی تەڵاق و جیابوونەوە تۆمار کراوە.

8918.jpg


بە وتەی بەڕێوەبەری دەفتەری ئامار و زانیارییە حەشیمەتییەکان و کۆجبەران، لە ساڵی ١٣٩٢ لە هەر کاتژمیرێکدا ١٨ حاڵەتی تەڵاق و جیابوونەوە تۆمار کراوە.

ئامارەکانی ساڵی ٩٢ باس لە زیادبوونی لەسەدا ٤،٣ی رێژەی تەڵاق بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٩١ی هەتاوی لە ئێراندا دەکەن و بەم پێیە لە هەر کاتژمێرێکدا لە ئێران ١٦ حاڵەتی تەڵاق روو دەدات.

رێژەی نێونجیی ئاماری تەڵاق لە پارێزگای سنه لە رێژەی نێونجیی ئاماری تەڵاق لە ئێراندا زیاترە.

بێکاری و تووشبوون بە ماددە هۆشبەرەکان (اعتیاد)، لە هۆکارەکانی زیادبوونی رێژەی تەڵاق لە پارێزگای سنەدا راگەیەنراوە.