کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە چەندین شاری وڵاتی ئاڵمان بۆ پاڵپشتی لە کۆبانی خۆپیشاندان بەڕێوەچوو

18:33 - 12 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: لە شارەکانی بێرلین، هامبورگ، برێمن، هانۆڤەر، کۆڵن و شتووتگارت بۆ پشتیوانی لە کۆبانی خۆپیشاندان بەرێوەچوو.

بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی یەک‌شەممە رێکەوتی ١١ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی هاوکات لەگەڵ رۆژی جیهانی پشتیوانی لە کۆبانی لە چەندین گەورەشاری وڵاتی ئاڵمان خۆپیشاندانی بەرین بەڕێوەچوو.

لە شاری برێمنی بە هەزاران کەس لە کوردانی دانیشتووی ئەو شارە و دەوروبەری، لە گۆڕەپانی سیگەنمارکێت کۆبوونەوەی پاڵپشتیی خۆیان بۆ کۆبانی پێک هێنا.

لەو خۆپیشاندانەدا نوێنەرانی حیزبەکانی هەرچوار پارچەی کوردستان و چەندین حیزبی ئاڵمانی لەوانە: پارتی سەوزی ئاڵمان، چەپەکانی ئاڵمان، پارتی سوسیال دێموکرات و پارتی دێموکراتی ئازادی بەشدارییان کرد و وتاریان پێشکەش کرد.

لە خۆپیشاندانەکەی شاری برێمن ، کومیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاڵمان و کۆمەڵێک لە ئەندامانی حیزب کە لە ئامادەکاران و بەڕێوەبەرانی سەرەکی خۆپیشاندانەکە بوون بەشداریی چالاکانەیان کرد.

لەو خۆپیشاندانەدا شەهریار نەقشبەندی بەرپرسی کومیتەی حیزب وتارێکی پێشکەش کرد، نەقشبەندی لە قسەکانیدا بۆ جارێکی‌تر پێداگریی لەسەر یەکڕیزی و تەبایی ریزەکانی گەلی کورد و بەتایبەت هێزەکانی رۆژئاوای کوردستان کردەوە و داوای لە هەموو لایەک کرد بە هانای ئاوارەکانی شنگاڵ و کۆبانیەوە بچن و هەروەها خۆشحالی و پشتیوانی حیزبی دێموکراتی سەبارەت بە چوونی هێزی پێشمەرگە بۆ بەرگری لە کۆبانی راگەیاند.

لەسەر بانگەوازی کەسایەتییە ناودارەکانی جیهان، لەوانە نوام چامسکی و سەدانیتر\'\' لە چالاکانی مافی مرۆڤ، نووسەران، شاعیران و هونەرمەندان کە هەندێکیان براوەی خەڵاتی نۆبێلن، رۆژی ١٠ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی (١ی نۆوامبری ٢٠١٤ی زایینی) وەک رۆژی جیهانیی پشتیوانی لە کۆبانی راگەیەندرا و لە هەموو جیهان خۆپیشاندان رێکخرا و بەم جۆرە رۆژێکی مێژوویی بۆ گەلی کورد تۆمار کرا.

ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە خۆپیشاندانەکانی بێرلین، برێمن و هانۆڤەر وەک ئەندامانی سەرەکیی کۆمیتەکانی بەرێوەبەری خۆپیشاندانەکان شوێن‌دانەر بوون.