کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە کۆڕیادێکدا ٥ حیزب و رێکخراوی ئێرانی و کوردستانی، کۆمەڵکوژیی ساڵی ٦٧یان مەحکووم کرد

16:27 - 26 خەرمانان 2713

کوردستان میدیا: کۆڕیادێک بۆ کۆمکوژیی ساڵی ٦٧ بە دەستی تیرۆریستەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەلایەن ٥ رێکخراوی ئێرانی و کوردستانی لە وڵاتی هوڵەند بەڕێوەچوو.


بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێوڕەسمی یاد کردنەوە لە قوربانییانی ساڵی ٦٧ لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـــ هوڵەند، کۆمیتەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، حیزبی توودەی ئێران، رێکخراوی ئیتیحادی فیداییانی خەلقی ئێران و رێکخراوی فەداییانی خەلقی ئێران (زۆرینە) بەڕێوەچوو.
لەو کۆڕیادەدا ناسر موئەزن نووسەر و وەرگێڕ و هەروەها فواد تابان سەرنووسەری ماڵپەڕی \'\'ئەخباری رووز\'\' وەکوو میوانی کۆڕیادەکە چەند باسێکیان پێشکەش کرد.
ناسر موئەزن، ئەندامی کانوونی نووسەرانی ئێران وتارەکەی بە کۆمکوژیی گوندەکانی قاڕنێ و قەڵاتان دەست پێکرد و هەروەها سەبارەت بە کتێبەکەی کە لەسەر کارەساتی ٦٧ نووسراوە چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.
فواد تابان برای موجتەبا تابان یەکێک لە ئیعدامکراوانی ساڵی ٦٧ پڕژایە سەر چۆنیەتیی رووداوەکە و رۆڵی مستەفا پوورمحەممەدی وەزیری دادی ئێستا کابینەی رووحانی لە ئیعدامەکانی ساڵی ٦٧ بۆ بەشداران شی کردەوە.
بەشی کۆتایی ئەو سمینارە بۆ پرسیار و وەڵامدانەوەی بەشداران تەرخان کرابوو.
لە گەلاوێژ و خەرمانانی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی لە زیندانەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێراندا ژمارەیەکی زۆر زیندانیی سیاسیی کە زیاتر تۆمەتی ئەندامەتی و هاوکاری لەگەڵ حیزبەکانی ئوپۆزسیۆنی رێژیمی ئێران درابووە پاڵیان، بە کۆمەڵ ئیعدام کران.
زۆربەی سەرچاەکان باس لە ئیعدامی ٢٥٠٠ هەتا ٥٠٠ زیندانیی سیاسی لە زیندانەکانی ئێران لە کارەساتی ساڵی ٦٧دا دەکەن کە بە کۆمەڵ لە گۆرستانی خاوەراندا لە شاری تاران نێژراون.