کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە گوندی \"دەرەکێ\" رێز لە عەلی محەممەدیان و ئەحمەد عەزیزی گیرا/ هەواڵی تەکمیلی

13:24 - 3 رەشەمه 2713

کوردستان میدیا: مامۆستا عەلی محەممەدیان ئەو مامۆستا نموونەیە کە بۆ هاودەردی لەگەڵ قوتابییەکەی سەری خۆی تاشی و ئەحمەد عەزیزی ئەو راوچییە کە لەگەڵ سروشت ئاشت بووەوە، لە گوندی زێدی خۆیان رێزیان لێ گیرا.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، بە مەبەستی زێرگرتن لە مامۆستا محەممەد عەلی محەممەدیان مامۆستای پۆلی دووهەمی قوتابخانەی \'\'شێخ شەڵتووت\'\'ی شاری مەریوان کە بە نیشانەی هاوسۆزی لەگەڵ قوتابییەکی بەناوی \'\'ماهان\'\' قژی سەری تاشی و هەروەها ئەحمەد عەزیزی کە ماوەیەکی پێش ئێستا وازی لە راوکردن هێنا و لە رۆژی ڤالینتاین چەکەکەی شکاند، رۆژی هەینی رێکەوتی ٢ی رەشەمەی ١٣٩٢ی هەتاوی، لە گوندی \'\'دەرەکێ\'\'ی سەربە شارستانی سەوڵاوا بە بەشداریی ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیا و خەڵکی ئاوایی، رێزیان لێ گیرا.

7881.jpg
ئەحمەد عەزیزی و عەلی محەممەدیان

لەو رێوڕەسمەدا کە زیاتر لە ١٥٠٠ کەس بەشدار بوون، لە دوو بڕگەی جیاوازدا لە مزگەوتی گوندی دەرەکێ کاتژمێر ١٠ی سەرلە بەیانی و بڕگەی دواتریش کاتژمێر ٣ی دوانیوەڕۆی رۆژی هەینی لە گەڕەکی هەوشوبارانی، بە خوێندنەوەی چەند ئایەتێک لە قورئان دەستی پێکرد.
پاشان سروودی \'\'خوایە وەتەن ئاوا کەی\'\' کە لەلایەن منداڵانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوانەوە ئامادەکرابوو، خوێندرا و دواتریش \'\'ناجی کانی‌سانانی\'\' بەرپرسی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.
پاشان \'\'ئەحمەد عەزیزی\'\' کۆنە راوچیی گوندی دەرەکێ کە چەند رۆژ پێش ئێستا بە مەبەستی ئاشتبوونەوە لەگەڵ سروشت، چەکەکەی خۆی شکاند و بە شێوەیەکی سیمبۆلیک کەوێکی ئازاد کرد، چەند وتەکی پێشکەش کرد.
عەزیزی وتی: ئامانجی ئێمە لەم کارە خۆ زەقکردنەوە لەنێو خەڵکدا نەبووە، بەڵکوو ویستوومانە رووی راستەقینەوەی نەتەوەی کورد لەهەمبەر سروشت و مرۆڤدا بە جیهانییان بناسێنین و پەیامی ئاشتی و مرۆڤدۆستی و ژینگە خۆشەویستیی کوردان بە گوێیان بگەیەنین.

دوابەدوای ئەوەش \'\'ئۆمید رەشیدی\'\' بە نوێنەرایەتیی باڵی فێرکاریی ئەنجومەنی سەوزی چیا، وتارێکی خوێندەوە.
پاشان \'\'عەلی محەممەدیان\'\' مامۆستای نموونەی قوتابخانەی شێخ شەڵتووتی مەریوان، چەند وتەیەکی ئاراستەی بەشدارانی رێوڕەسمەکە کرد و وتی: لە جیهاندا کۆڕ و کۆبوونەوەی زۆر لەمەڕ چارەسەریی نەخۆشییە دژوارەکان گیراوە، بەڵام لە وڵاتێکی وەکوو ئێران هیچ هەنگاوێک لەو پێوەندییەدا هەڵنەگیراوە وئێمەی کوردیش ئەو هەستە ئینسانییە کە لە ناخی زۆربەی هەر زۆری نەتەوەی کورد دایە، هاوخەمیی خۆمان بە نیسبەت ئەو نەخۆشانە دەردەبڕین و هیوای چاکبوونەوەیان بۆ بە ئاوات دەخوازین.
وتارەکان زۆربەیان لەسەر ئاشتیخوازبوونی نەتەوەی کورد و شکاندنی چەکەکان لەپێناو بەردەوامیی ژیان پێداگرییان کردبووەوە.
لە بڕگەیەکی دیکەدا چەکی شکاوی \'\'ئەحمەد عەزیزی\'\' لە ژێر دروشمی \'\'چەک زیندانی کرا و ژینگە ئازاد کرا\'\' لە نێو شووشەیەکدا نمایش کرا و دواتر چەکی شکاو کە بە \'\'چەکی سەوز\'\'یش ناسراوە، بە مەبەستی پیشاندان بە خەڵک، بەرەو ئاوایی \'\'یەنگیجە\'\'ی سەربە شارستانی مەریوان بەڕێ کرا.