کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ١٨یەمین ڕۆژی مانگرتندا، شاری بانە گەمارۆ درا

22:13 - 12 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: سەرەڕای بەردەوامی و زیاد کردنی گوشارەکانی ڕێژیم بۆسەر مانگرتووانی شاری بانە، خەڵکی برسی و ناڕازی لە دۆخی داسەپاو بەردەوامن لە مانگرتنەکانیان.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، خەڵکی شاری بانە لە کاتێکدا پێیان نایە ١٨یەمین ڕۆژی مانگرتنیان کە ڕێژیمی نانبڕی کۆماری ئیسلامی لەوپەڕی ترس و دۆشداماویدا بڕیاری میلیتاریزەکردنی ئەم شارە و گەمارۆدانی بانەی داوە.

بەپێی ئەم هەواڵە هێزە سەرکووتکەرەکان جیا لە گووشارهێنان بۆ سەر چالاکان و بازاڕییانی کاریگەر لەسەر بەردەوامی مانگرتنەکانی بانە، هێڵی ئینتێرنێتی ئەم شارەیان پچڕاندووە و هەوڵی کپ‌کردنی دەنگی ئازادیخوازانەی خەڵکی بانە دەدەن.

بەپێی دوایین زانیارییەکان، ڕێژیم لە ترسی بەربڵاوتربوونی مانگرتنەکان و ئەگەری سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی بەشێوەیەکی جیددی‌تر، نێو شاری بانەی پڕ کردووە لە هێزی سەربازی و بەتەواوەتی کەشی ترس و تۆقاندنی زاڵ کردووە.

بەشێوەی ڕۆژانە خەڵکی شاری بانە لە بەردەم فەرمانداری ئەم شارە، مزگەوتی جامێعە و نەخۆشخانەی گشتیی بانە کۆدەبنەوە و درێژە بە مانگرتنەکانیان دەدەن.

ئەم بارودۆخە لە ڕاگەیەنە جیهانییەکانیشدا دەنگدانەوەی هەبووە و بەپێچەوانەی میدیا نێوخۆییەکانی سەر بە ڕێژیم کە هیچ ئاوڕێک لەم مەسەلە نادەنەوە، میدیا بیانییەکان بەوردی سەرقاڵی ڕووماڵ کردنی هەواڵە پێوەندیدارەکان بە مانگرتنی کوردستانن؛ جیا لە ماڵپەڕ و تەلەفزیۆنی VOA (دەنگی ئامریکا) و ڕۆژنامەی بەناوبانگی رادیکاڵ پۆرتاڵ (Radikal Portal) کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕووماڵی هەواڵەکانی بانەیان کردووە، ڕۆژنامەی نۆروێژی ئوتروپ Utrop ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلی لەمبارەوە بڵاوکردۆتەوە.

لەم ڕاپۆرتەدا کە بۆ بەڵگەمەندبوونی، کەڵک لە زانیاری و هەواڵەکانی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و ڕۆژنامەی رادیکاڵ پۆرتاڵ وەرگیراوە، ئاماژە بە دواڕەوشی مانگرتووانی بانە و دۆخی ژیان لە کوردستان کراوە و ئاوڕ لە سیاسەتەکانی ڕێژیم دەرحەق بە گەلی مافخوراوی کورد لە ئێران کراوە.