کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە یەک ساڵی دەوڵەتداریی حەسەن رۆحانیدا ٨١٤ کەس لە سێدارە دراون

18:27 - 13 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: لە ماوەی یەک ساڵ دەوڵەتداریی حەسەن رۆحانی، ٨١٤ هاووڵاتی لە ئێراندا لە سێدارە دراون کە ٤ کەسیان زیندانیی سیاسیی کورد بوون.
ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لە راپۆرتێکی شیکاری ــ ئاماریدا، کارنامەی مافی مروڤی دەوڵەتی رۆحانی لەبارەی بەڕێوەچوونی سزای لە سێدارەدان بڵاو کردەوە و تێیدا لەگەڵ ئاماری ماوەی وێکچووی ساڵی رابردوو بەراوردی کردووە.

بەپێی ئەم راپۆرتە، ٨١٤ هاووڵاتی لە یەک ساڵی دەوڵەتداریی حەسەن رۆحانیدا (١٢ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٢ هەتا ١٢ی گەلاوێژی ١٣٩٣ هەتاوی) لە سێدارە دراون، کە بە بەراورد لەگەڵ ٥٥٣ حاڵەتی ماوەی وێكچووی ساڵی رابردوو (١٢گەلاوێژی ١٣٩١ هەتا ١٢ی گەلاوێژی ١٣٩٢ی هەتاوی) لەسەدا ٤٧ زیادی کردووە.

تۆمەتی ٧ کەس لەو سێدارەدراوانە کە لەلایەن رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە ئەو سزایەیان بەسەردا سەپاوە، سیاسی بووە.

بەپێی ئەو ئامارە ٤ زیندانی سیاسیی کورد بە ناوەکانی \'\'حەبیبوڵڵا گوڵپەری پوور، رەزا ئیسماعیلی، شێرکۆ موعارفی و سمکۆ خورشیدی\'\' لە سێدارە دراون و ٣ زیندانیی سیاسیی دیکەش سزای لە سێدارە درانیان بۆ بڕاوتەوە و حوکمی ٥ کەسییش لەو زیندانییە سیاسییە کوردانە لە دیوانی باڵای وڵات پژڕاست کراوەتەوە.

هەنووکە ٢٥ زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێراندا مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە.

بەپێی ئەو ئامارە، تاوانی ٣٥٢ حاڵەتی بەڕێوەچوونی حوکمی لەسێدارەدان لە ماوەی دەوڵەتداریی حەسەن رۆحانیدا بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان بووە.

زیادبوونی ٤٧%یی ئاماری لە سێدارەدان لە ماوەی یەک ساڵ دەوڵەتداریی حەسەن رۆحانی بە بەراورد لەگەڵ ماوەی وێکچووی ساڵی رابردوو لە حاڵێک دایە کە رۆحانی لە سەردەمی کاندیداتۆریی خۆیدا بۆ سەرکۆماری، بەڵێنیی باشتربوونی دوخی مافی مرۆڤی بە خەڵک دابوو.

پاش هەڵبژاردنی حەسەن رۆحانی وەکوو سەرکۆماری رێژیم ئێران، \'\'مستەفا هیجری\'\' سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی \'\'اخبار روز\'\' لە بارەی گۆڕانکاری و بەڵێنەکانی حەسەن رۆحانی، وتبووی: \'\'تەنانەت ئەگەر رۆحانی لەسەر بەڵێنەکانیشی وەفادار بێت، دەسەڵات و سەلاحیەتی ئاڵوگۆڕی لە ئێراندا نییە\'\'.