کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە یەک مانگی رابردوودا ١٧ چالاکی کورد لە ئێران حوکم دراون

16:45 - 31 خاکەلێوه 2714

کوردستان میدیا: لە یەکەم مانگی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاویدا، ١٧ چالاکی کورد لە کوردستانی ئێران بە تۆمەتی جۆراوجۆر لەلایەن دادگاکانی ئینقلابەوە حوکمی ئیعدام و زیندانیان بەسەردا سەپاوە.
بەپێێ راپۆرتی کوردستان میدیا، لە مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵدا ١٧ چالاکی سیاسی، فەرهەنگی و کرێکاریی کورد بە تۆمەت‌گەلێکی وەکوو \'\'هاوکاری و ئەندامەتی لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری رێژیمی ئێران\'\'، \'\'پەرەدانی هزری نەتەوەیی\'\'، \'\'پڕوپاگەندە دژی نیزام\'\' و \'\'چالاکی لە رێکخراوە کرێکارییەکان\'\' بە گشتی سزای زیندانیان و دوو کەس لەوانەش سزای ئیعدامیان بەسەردا سەپاوە.
بەپێی ئەم راپۆرتە، سامرەند فەرەهمەند بە تۆمەتی \'\'ئەمنیەتی\'\' سزای ١٠ ساڵ زیندانی تەعزیری، ئۆمید رەحمانی بە تۆمەتی \'\'پروپاگەندە دژی نیزام\'\' بە ٣ مانگ و یەک رۆژ زیندانیی تەعزیری و هەروەها \'\'عەلیرەزا سپاهی لایین\'\' بە تۆمەتی \'\'پەرەدانی هزری نەتەوەیی\'\' بە ١١ مانگ زیندانیی تەعزیری، ناسنامەی سێ کەس لەو هاووڵاتییە کوردانەیە کە لەم مانگەدا لەلایەن دادگای ئیقلابەوە حوکم دراون.
هەروەها ژمارەیەکی دیکە لە چالاکی کورد بە ناوەکانی \'\'ئەفسانە بایزیدی، عەبدولکەریم ئەحمەدنژاد، شاپوور پەرموور، قانیع حاتەمی، ئاراس حاتەمی، محەممەد نیگاری، گۆران بەهرامی\'\' بە تۆمەتی \'\'هاوکاری و ئەندامەتی لەگەڵ حیزبێکی کوردیی دژبەری رێژیمی ئێران\'\' بە گشتی بە ١٢٦ مانگ زیندان حوکم دراون.
تۆمەتی ٥ چالاکی کوردی دیکەش بەناوەکانی \'\'جەمال مینا شیری، هادی تەنومەند، قاسم مستەفا پوور، ئیبراهیم مستەفا پوور، محەممەد کەریمی\'\' کەلە مانگی خاکەلێوە سزای زیندانیان بەسەردا سەپاوە، چالاکیی کرێکاری لە رێکخراوە کرێکارییەکان راگەیەنراوە و بە گشتی ١٥٦ مانگ زیندانیی تەعزیرییان بەسەردا سەپاوە.
هەروەها حوکمی ئیعدامی \'\'محەممەد عەبدوڵڵاهی و مستەفا سەلیمی\'\' زیندانییانی سیاسیی کورد لەم مانگەدا لەلایەن دادگای باڵای وڵاتەوە تەیید کراوە و مەترسیی لە سێدارە دانیان لەسەرە.
بەپێی ئەم راپۆرتە و بەپێی ئەو هەواڵانە کە سەبارەت بە داسەپاندنی حوکمی زیندان بەسەر هاووڵاتییانی کورددا بڵاو بۆتەوە، بەگشتی ٤١٦ مانگ زیندان بۆ ئەو چالاکانە کە لەم راپۆرتەدا ئاماژەیان پێ کراوە، بڕدراوەتەوە.
ئەم ئامارانە رێژەیین و بەهۆی نەبوونی میدیایەکی ئازاد و سەربەخۆ لە نێوخۆی ئێران، دەکرێ زیاتریش بێت.