کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەدوو وڵاتی نوروێژ و ئاڵمان خۆپیشاندانی ناڕەزایەتیی بە هەڵبژاردنەكانی ئێران بەڕێوە چوو

22:39 - 25 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران و كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران كۆبوونەوەیەكی ناڕەزایەتیی دەربڕینان بەهەڵبژاردنەكانی رێژیمی ئێران لەوڵاتی نوروێژ رێكخست.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، رۆژی هەێنی رێكەوتی ٢٤ی جۆزەردان خۆپیشاندانێكی ناڕەزایەتیی لەبەر دەرگای سەفارەتی رێژیمی ئێران بەڕێوە چوو و تێیدا سەرەتا خولەكێك بێدەنگی بۆ رێزگرتن لەشەهیدانی رێگای ئازادی و دێمۆكراسی راگیرا و دواتر پەیامی هاوبەشی حیزبی دێمۆكرات و كۆمەڵە بە زمانی كوردی و بیانی لەلایەن مریەم عەلیپوور و سۆرینا مەحموودییەوە پێشكەش كرا.
پاشان چەند وتەیەك لەلایەن ئەندامی یەكیەتی لاوانی دێمۆكراتی كوردستانی ئێرانەوە، ئیدریس مورادی پێشكەش كرا و هەروەها پەیامی گرووپی ئازادگانی ئێرانی لەنوروێژ لەلایەن حوسێن نوری یەوە خوێندرایەوە.
ئەو خۆپیشاندانە لەلایەن تیڤی كانی نوروێژەوە راستەوخۆ بڵاو دەكرایەوە.
هەر لەو پێوەندییەدا كۆمیتەی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران لەوڵاتی ئاڵمانیش بەشداریی لەخۆپیشاندانی بایكۆتی هەڵبژاردنەكانی خولی یازدەهەمی سەركۆماری ئێرانی لەشاری هامبورگ كرد .
رۆژی هەینی رێكەوتی ٢٤ی جۆزەردان لەشاری هامبورگی وڵاتی ئاڵمان لەلایەن رێكخراوی پشتیوانی لەخەباتكارانی ئێران، خۆپیشاندانیك لەبەر دەم كونسوولگەری كۆماری ئیسلامی لەو وڵاتە رێكخرابوو كە ژمارەیەكی بەرچاو لە هێزە سیاسییەكان و چالاكانی مەدەنی و پەنابەران بۆ ئەو خوپیشاندانە بانگهێشت كرابوون .
لەخۆپیشاندانەكەدا بەیاننامەی هاوبەشی لایەنەكان كە پێداگری لەسەر بایكوتی هەڵبژاردنەكان و مەحكووم كردنی پێشێلكارییەكان لەلایەن رێژیمەوە بوو، خوێندرایەوە .
دواتر شەهریار نەقشبەندی وەك نوێنەری حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران لەكۆمیتەی ئاڵمان، چەند وتەیەكی پێشكەش كرد .
نەقشبەندی لەوتەكەیدا باسی لەشانۆی هەڵبژاردنەكانی كۆماری ئیسلامی و پێشێلكردنی مافی دەنگدانی هاووڵاتیانی كرد و وتی: رێژیمی ئیسلامی هیچ باوەڕێكی بە پڕۆسەی هەڵبژاردن نییە.