کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەسوید چەندین خۆپیشاندان بەنیشانەی پشتیوانی لەیارسانەكان و مەحكووم كردنی هەڵبژاردنەكانی ئێران بەڕێوە چوو

17:04 - 27 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: لە دوو شاری ستۆكهۆڵم و یوتۆبۆری زنجیرەیەك خۆپیشاندان بەنیشانەی پشتیوانی لەخەڵكی یارسان و مەحكووم كردنی شانۆی هەڵبژاردنەكانی رێژیمی ئێران بەڕێوە چوو.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، كۆمیتەی حیزبی دێمۆكرات لەستۆكهۆڵم بەهاوكاری كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران خۆپیشاندانێكیان دژ بە شانۆی هەڵبژاردنەکان پێك هێنا.
لەم خۆپیشاندانە كە لەسیگێلستۆری، ناوەندی شاری ستۆكهۆڵم، پێكهاتبوو، بە شێوەی سەمبۆلیك سەندوقێكی هەڵبژاردن بە پەتی سێدارە هەڵواسرابوو و هەروەها ژمارەیەكی زۆر بابەت و پەیام بە زمانی سویدی لەسەر هەڵبژاردنەكانی رێژیمی ئێران خوێندرانەوە.
لەلایەكی دیكەوە ئەندامانی حیزبی دێمۆكرات لەشاری ستۆكهۆڵم بەشدارییان لەخۆپیشاندانی پشتیوانی لەیارسانەكان، لە بەر دەم باڵوێزخانەی رێژیم لەو شارە كرد.
هەر لەو پێوەندییەدا ئاكسیۆنێكی ناڕەزایەتی دەربڕینیش بە شانۆگەری هەڵبژادنەكانی سەركۆماری ئیران لە شاری یوتۆبۆری بەڕێوە چوو.
كۆمیتەی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران و كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران ـ یوتۆبۆری لەگەڵ چەندین رێكخراوی دیكەی ئێرانی، كە بریتی بوون لەستاد همگرائی ملی ایرانیان، كانون پناهجویان ایران، جبهە ملی شاخە اروپا، شورای ملی ایران و رووناكبیران و خوێندكاران و كەسایەتییە سەربەخۆكانی شاری یوتۆبۆری، خۆپیشاندانێكیان بەڕێوە برد.
سەرەتا سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب خوێندرایەوە ودواتر پەیامی سوسیال دێمۆكراتەكانی سوید و پارتی چەپی سوید و باقی رێكخراوە سیاسییەكانی بەشدار خوێندرایەوە.
پاشان پەیامی هاوبەشی كۆمیتەی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران و كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران ـ یوتۆبۆری لەلایەن خاتوو شەونم مەحموودزادە بە زمانی سویدی پێشکەش کرا.

5163.jpg