کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەسەدا ٤٥‌ی قوتابیان و خوێندکارانی ئێران مادەی سڕکەر بەکار دەهێنن

18:59 - 7 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: بەپێی ئەو توێژینەوانەی کە کراون لەسەدا ٤٥‌ی قوتابییان و خوێندکارانی ئێران لە بەکارهێنەرانی مادەی سڕکەرن و ناوەندە پێوەندیدارەکانیش هەتا ئێستا هیچ هەوڵێکیان بۆ بنبڕ کردنی ئەو دیاردەیە نەداوە.
ماڵپەڕی جەهان نیووز بڵاوی کردەوە، نەبوونی ناوەندێکی خەمخۆر و سیستمێکی تەندروستیی بارهێنان وای کردووە کە رۆژ لەگەڵ رۆژ رێژەی تووشبوان بە مادە سڕکەرەکان لە ئێران روو لە زیاد بوون بکات.
بەپێی دوایین ئاماری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئێران زیاتر لە ٧٠ لەسەدی تووشبوان بە نەخۆشیی ئیدز لە ئێران تووشی مادە هۆشبەرەکان بوون.
بەپێی ئاماری ناوەندی خەبات بەدژی مادە سڕکەرەکان، لە ئێراندا ٢٧ هەزار کەس بە شێوەی بەردەوام مادەی شیشە بەکار دەهێنن.
لە کۆی گشتیی ئەو بەکار هێنەرانە ٩٠%یان تەمەنیان لە خوار ٢٩ ساڵ دایه.
لەم بارەوە محەممەد عەلی جەعفەرنژاد کارناسی بواری مادە سڕکەرەکان راگەیاندبوو، لەسەدا ٨٠ی بەکارهێنەرانی مادەی شیشە هەتا دوو ساڵی داهاتوو گیان لەدەست دەدەن و ئاماری گیان لە دەستدانی بەکارهێنەرانی مادە سڕکەرەکان ئەمساڵ لە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشوو زیادی کردووە.