کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەماوەی ٢٤ كاتژمێردا ٨ هاووڵاتیی كورد بەتەقەی هێزەكانی رێژیمی ئێران كوژرا و بریندار بوون

16:22 - 18 بانەمەڕ 2713

كوردستان میدیا: ٨ هاووڵاتیی بێ‌دیفاعی كورد بەبێ‌هۆكارێكی روون لەلایەن هێزە ئینتزامییەكانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە، لەباكووری ئێران دەستڕیژییان لێ‌كراوە و لەئەنجامی ئەو دەستڕێژییە، ئەو ٨ هاووڵاتییە بوونەتە قوربانیی.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێكەوتی ١٤ی بانەمەڕ ٤ هاووڵاتیی كورد بەتەقەی هێزە ئینتزامییەكان كوژراون و ٤ی دیكەش بە توندی بریندار كراون.

رێكەوتی ١٤ی بانەمەڕ نەبی عەبدوڵڵاهی، مەهدی عەبدوڵڵاهی خەڵكی ئاوایی بانەوەر و ساڵح ساڵحی خەڵكی ئاوایی سەركرانی پاوە لە جادەی ساوە ـ تاران لەلایەن هێزە ئینتزامییەكانەوە درانە بەر دەستڕێژ و لەئەنجامدا نەبی عەبدوڵڵاهی خەڵكی بانەوەری شاری پاوە گیانی لێ‌ئەستێنرا.

هەر لەئەنجامی ئەو دەستڕێژییەدا مەهدی عەبدوڵڵاهی برای نەبی و ساڵح ساڵحی بەتوندی بریندار كران و ئەو دەستڕێژییە لە ماشێنی ئەو سێ‌هاووڵاتییە كوردە لەحاڵێكدا بووە كە هیچ كەلوپەلێكیان پێ ‌نەبووە.

هەر لەو پێوەندییەدا مەهدی خەڵكی ئاوایی بانەوەری سەر بە شاری پاوە لەلایەن هێزەكانی رێژیمەوە بەبرینداری دەسبەسەر كرابوو و ناوەندە پێوەندیدارەكانی رێژیم بۆ ئازاد كردنی ئەو هاووڵاتییە داوای زیاتر لە یەك میلیارد تمەن وەسیقەیان كردووە.

لەلایەكی دیكەوە هەر رێكەوتی ١٤ی بانەمەڕ، ٥ هاووڵاتیی دیكەی كورد لە شاری ساری لە پارێزگای مازندەران لەلایەن هێزە ئینتزامییەكانەوە تەقەی راستەوخۆیان لێ‌كراوە و لەئەنجامدا ٣ هاووڵاتیی كورد كوژراون و ٢ی دیكەش بریندار كراون.
ناوی یەكێك لەو پێنج کەسەی کە تەقەی لێکراوە عەبدوڵڵا مستەوفی و خەڵكی شاری سەقز بووە. هەتا بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە شوناسی ئەو ٤ كەسی تر نەزانراوە.

سەرچاوە:
ـ ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا
ـ ماڵپەڕی كوردستان میدیا