کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەماوەی ١٥ رۆژدا، ٩ كۆڵبەر و هاووڵاتیی مەدەنیی كوردستانی رۆژهەڵات بە تەقەی هێزە نیزامییەكان بوونەتە قوربانی

15:43 - 18 گەلاوێژ 2713

كوردستان میدیا: لەماوەی نیوەی یەكەمی مانگی گەلاوێژی١٣٩٢دا، ٩ هاووڵاتیی كورد لەجادە و سنوورەكانی كوردستان بە تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەكان بە تایبەت هێزە ئینتزامییەكانی رێژیمی ئێران كوژرا و بریندار كراون.

بە پێی ئاماری تۆمار كراو لەماڵپەڕی كوردستان میدیا، لەنیوەی یەكەمی مانگی گەلاوێژدا ٦ كۆڵبەری لە خاڵە سنوورییەكانی كوردستان و هەروەها سێ‌ هاووڵاتیی مەدەنیش لە جادەكانی كوردستان لەلایەن هێزە نیزامییەكانی رێژیمی ئێرانەوە كوژران و بریندار كراون.

ئەو قوربانیانە خەڵكی شارەكانی بانە، پیرانشار و سەردەشتن و لە كۆی گشتیی ئەو ٩ كەسە دوویان كوژراوە و ٧ی دیكەشیان بریندار كراون.

بانـە

لە سەرەتاكانی گەلاوێژدا سێ‌ كۆڵبەری كوردی خەڵكی شاری بانە لەئەنجامی تەقەی هێزە ئینتزامییەكانی ئێران بە توندی بریندار بوون.

حوسێن مەعارفی، ئەنوەر و سالار گولبادی ئەو كۆڵبەرانەی خەڵكی ئاوایی ننوری بانە بوون لە خاڵی سفری مەرزی بانە بوونە ئامانجی تەقەی هێزە ئینتزامییەكان.

سەردەشـت

كۆڵبەرێكی كورد بەناوی هێرش كوڕی یوسف خەڵكی دۆڵە بی لە شوێنێك بەناوی دۆڵە گەرم و قوڕە سوورە درایە بەر دەستڕێژ و بە توندی بریندار كرا.

لەدرێژە تەقە كردنی بە ئەنقەست لە هاووڵاتیانی مەدەنیی رێكەوتی ٤ی گەلاوێژ هێزە ئینتزامییەكان ماشێنی هاووڵاتییەكی كوردیان كردە ئامانجی تەقەی چەكەكانیان و لە ئەنجامدا گیانی ئەو هاووڵاتیان ئەستاند.

ئەو هاووڵاتییە ناوی سالار فەخری و خەڵكی ئاوایی نەڵاس بوو.

هەر لەو پێوەندییەدا رێكەوتی ٥ی گەلاوێژ ماشێنی هاووڵاتییەكی دیكەی سەردەشتی بە ناوی سالار عەبدوڵڵاهی لە جادەی سەردەشت ـ پیرانشار تەقەی لێكرا و لەئەنجامدا سالار گیانی لەدەست دا و خوشكەكەشی بە توندی بریندار كرا.

موسلێح كۆڵبەرێكی دیكەی كورد بوو كە لەناوچەی بێورانی سەردەشت لەلایەن هێزە ئینتزامییەكان تەقەی لێكرا و بە توندی بریندار بوو.

پیرانشـار
لەشوێنێك بەناوی كلاوی نكان وەفا پاداشت كۆڵبەری خەڵكی پیرانشار رێكەوتی ٦ی گەلاوێژ تەقەی لێكراوە و لەئەنجامدا بە توندی بریندار بووە.

بەم چەشنە كۆژران و بریندار بووانی نیوەی یەكەمی مانگی گەلاوێژ ٩ كەس بوونە.

بەپێی ئاماری تۆمار كراو لەناوەندی ئاماری ماڵپەڕی كوردستان میدیا، لەسەرەتای ساڵی ١٣٩٢وە هەتا ئێستا، ٤٨ كۆڵبەر و هاووڵاتیی مەدەنیی كورد بە دەستڕێژی راستەوخۆی هێزە نیزامییەكانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەناوچە سنوورییەكانی كوردستان كوژراو و بریندار كراون و لەكۆی گشتیی ئەو رێژەیە ١٩ كۆڵبەری كورد كوژراون و ٢٩ی دیكەش بریندار بوونە.
بە ریز لەمانگی خاكەلێوەدا ٩ كەس، بانەمەڕ ١٤ كەس، جۆزەردان ١٦كەس، پووشپەڕ ١٩كەس و نیوەی یەكەمی مانگی گەلاوێژ ٩ كەس كوژراو و بریندار بوونە و مانگی جۆزەردان بە ٧ كۆڵبەری كوژراو زۆرترین رێژەی كوژرانەكانی بەبەراورد لەگەڵ مانگەكانی دیكەدا هەیە.