کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەكوردستان و ئێران بایكۆتی كردنی هەڵبژاردنەكان لەپەرەسەندن دایە

16:15 - 22 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: لەژمارەیەك لەشارەكانی كوردستان ئەندامان و دوستانی حیزبی دێمۆكرات چالاكی بەربڵاوی تەبلیغاتیان بەنیشانەی بایكۆت كردنی هەڵبژاردنەكان بەڕێوە بردووە و لەشاری تاران و تەورێزیش هەڵبژاردنەكان بایكۆت كراوە.


بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، ئەو چالاكیانە لەشارەكانی تاران، تەورێز، سنە و دەورووبەریی و هەروەها شنۆ بە نووسینی دروشم و بڵاو كردنەوەی تراكت ئەنجام دراوە و لەشارەکانی ئوستانی کوردستانیش بە بەشێك لەچەکداران راگەیەندراوە كە شناسنامەكانیان تەحویلی بەرپرسی شوێنی كارەكەیان بدەن.

تاران

ئەندامانی حیزبی دێمۆكرات لەشاری تاران بۆ ماوەی چەندین رۆژە بەشێوەی بەردەوام سەرقاڵی كاری تەبلیغین و بە بڵاو كردنەوەی نووسراوە و پوستێر داوایان لەخەڵكی كردووە هەڵبژاردنەكان بایكۆت بكەن.

هەر لەو پێوەندییەدا ئەندامانی حیزب لەشاری تاران، سی دی و وتەكانی دوكتور قاسملووی شەهید و بەڕێز مستەفا هیجری سكرتێری گشتیی حیزبی دێمۆكراتیان بڵاو كردۆتەوە.

ئەو شوێنانەی چالاكی لێ‌كراوە بریتین لە: زانینگەی مودیرییەت، زانكۆی تاران، زانینگەی زمانە بیانییەكان لەزانكۆی تاران، تالاری ئەبووریحانی بیرونی، خوابگاكانی كوی دانشگای تاران، خوابگا و میوانخانەی زانكۆی تاران، خوابگای فاتمە، خوابگاكانی بلوكی ١٩و ٢١زانكۆی بێهێشتی ودانشكەدەی علوومی اجتماعی و زانكۆی تەباتەبایی.

تەورێز

لەرێكەوتی ٢١ی جۆزەردان بە مەبەستی تەحریمی هەڵبژاردنەكان لەزانینگەی دەرمانسازی تەورێز ٥٠٠ سی دی لەوتەكانی رێبەری شەهید دكتور قاسملوو لەنیو كەلاس و ئازمایشگای ناوەندی و پاركی زانینگەدا بڵاو كراوەتەوە.

سنە

یەكێك لەپاڵێورانی پۆستی سەركۆماریی لەیاریگای ئازادی شاری سنە كۆبوونەوەیەكی بۆ خەڵكی پێكهێناوە و داوای لێكردبوون دەنگی پێ‌بدەن، بەوتەی شایەتحالان كۆبوونەوەی ئەو كاندیدایە لەگەڵ پێشوازی ساردی هاووڵاتیان بەرەوروو بۆتەوە و خەڵكێكی ئەوتۆ بەشداریی كۆبوونەوەكە نەبوونە.
هەر لەشاری سنە ئەندامان و دوستانی حیزبی لەچەند گەڕەكی ئەو شارە تراكت و پوستێری بایكۆتی هەڵبژاردنەكانیان بڵاو كردۆتەوە.

ئەو شوێنانەی چالاكیی تێدا بەڕێوە چووە بریتیە لە: گریاشان، دەورووبەری ژاندارمێری، شەریف ئاوا و شەشومی بەهمەن.
لەلایەكی دیكەوە لەبەشێكی بەرچاو لە شارەكانی ئوستانی كوردستان ناوەندە نیزامییەكانی رێژیمی ئێران بە چەكدارەكانیان وتووە، دەبێ‌هەتا دوای هەڵبژاردنەكان شناسنامەكانیان تەحویلی بەرپرسەكانیان بدەن.
هاووڵاتییەكی شاری سنە لەو باوەڕەدابوو، رێژیمی ئیسلامیی ئێران دەیهەوێ‌لەو رێگایەوە دەنگ بە پاڵێوراوی دەست نیشان كراوی خۆیان بدات.

شنۆ
شەوی دووشەممە رێكەوتی ٢٠ی جۆزەردان لەئاوایی نەڵیوان لەلایەن ئەندامانی حیزبی دێمۆكراتەوە چالاكیی بەرینی تەبلیغاتی كراوە.
ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێمۆكرات پوستێری تایبەت بەبایكۆت كردنی هەڵبژاردنەكانیان بڵاو كردۆتەوە و داوایان لەخەڵكی كردووە بەشداریی لەهەڵبژاردنەكاندا نەكەن.